سەردێر

مەسرور بارزانی: مەترسی مردن لەسەر ژیانی هاووڵاتییانمان زیادیكردووه

خەڵك-
لە هەرێمی كوردستان تادێت ژمارەی توشبووان و مردوان بە كۆرۆنا زیاد دەكات و لەوبارەیەوە سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند “ئێستا كاتی سیاسەت كردن نییە، مەترسی مردن لەسەر ژیانی هاووڵاتییانمان زیادی كردووه”.

مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا كە لە توێتەر بڵاویكردەوە، دەڵێت “كوردستانییان بەرپرسیارێتی هاوبەشیان هەیە لە بەرامبەر خۆیان و خێزانەكانیان‌و داواتان لێدەكەم لە شوێنە گشتییەكاندا دەمامك ببەستن و دەستەكانتان بشۆن و خۆتان لە قەرەباڵخی و گردبوونەوە بەدوور بگرن”.

راشیگەیاند “مەترسی مردن لەسەر ژیانی هاووڵاتییانمان زیادی كردووە، ئەو پێشكەوتنانەی ئەم دواییە لە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەكە بەدەستمانهێنا، ئێستا لە مەترسیدایە”.

دەشڵێت “لەم ساتە هەستیارەدا داوا لە هەر چوار پارێزگارەكەی هەرێمی كوردستان دەكەم كە بەرپرسیارێتیی سەرشانیان بەرامبەر بە خەڵك بزانن و تەواوی رێكارە نوێیەكان جێبەجێ بكەن”.

هاوكات سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا رایگەیاند سبەی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا كۆدەبێتەوە بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی نوێ بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا.

لای خۆیەوە رەهێڵ فەرەیدوون جێگری وەزیری تەندروستی هەرێمی كوردستان بۆ دەنگی ئەمریكای ئاشكراكرد ئەگەری راگەیاندنی نیمچە كەرەنتینە هەیە بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا.

بەپێی زانیاری سەرچاوە تەندروستییەكان لە ماوەی 24 سەعاتی رابردوودا 10 لە هەرێمی كوردستان گیانیان لە دەستداوە، لە 24 سەعاتی پێشتریشدا 11 كەسی دیكە گیانیان لەدەستدا بوو.