خەڵك
ئەندامێكی پەڕلەمانی عێراق دەڵێت، هەتا بودجە دوا بكەوێت ئەوەندەی دیكە ناكۆكی سیاسی بەدواوە دێت و لایەنە سیاسییەكان دەیانەوێ بە بودجە شەڕی یەكتری بكەن.
ڕێزان شێخ دلێر، ئەندامی پەڕلەمانی عێراق بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، هەتا بودجە دوا بكەوێت ئەوەندەی دیكە ناكۆكی سیاسی بەدواوە دێت و لایەنە سیاسییەكان دەیانەوێ بە بودجە شەڕی یەكتری بكەن لەو كێشەو ناكۆكییانەی هەیانە بە تایبەت شیعە و سوننە.
وتیشی “گرنگ ئەوەیە ئێمەی كورد هۆكاری پەسەند نەكردنی بوجەكە نین و ڕازی بوین بە هەموو ئەو مەرجە قورسانەی كە دایان ناوە”.
ئاماژەی بەوەشكرد، هیچ وادەیەك بۆ دانیشتنی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە پەسەندكردنی بودجە دانەنراوە و ئەگەر لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا دیاری نەكرێت واتە ئەمساڵیش وەك ساڵانی دیكە عێراق بێ بودجە دەبێت.
وتیشی: پشكی هەرێم لە بودجەی 2021 ی عێراق كە لە لیژنەی دارایی پەسەندكراوە %12.67 ە واتە 460 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە كە 210 ی دەگەڕێتەوە بۆ كۆمپانیا نەوتییەكان و پتڕۆ دۆلار، دەبێت نرخی 150 هەزار بەرمیل بەنرخی سۆمۆ بنێرێت بۆ حكومەتی فیدراڵ.
ئاماژەی بەوەشكرد، هەرێمی كوردستان دەتوانێت لەماوەی 7 ساڵدا ئەو قەرزانەی لە بانكەكان كردوێتی بیداتەوە بە حكومەتی فیدڕاڵ و لەو بودجەیەی بۆی دیاریكراوە لێی دەبڕدرێت و ئەگەر حكومەتی هەرێم پابەندی بڕگەكانی ڕێككەوتنەكە نەبێت لەبەرامبەردا حكومەتی فیدراڵی هیچ بودجەیەك بۆ هەرێم نانێرێت.
ڕێزان شێخ دلێر وتیشی، لە ساڵی 2014 ەوە كێشە لەنێوان هەرێم و بەغدا هەیەو دەبێت پێداچوونەوە بە حسابەكاندا بكەن.