سەردێر

لیژنەی باڵای روبەڕوبوونەوەی كۆرۆنا كۆدەبێتەوە

خەڵك
وەزیری تەندروستیی هەرێمی كوردستان راگەیاند،ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە بەرزبوونەوەدایە و لە دۆخێكی مەترسیداردان و پێویستە رێكارەكان توندوتۆڵتر بكرێن و دەبێت جێبەجێكردنی رێنمایی و رێكارەكان جیاوازتربێت بەراورد بە ماوەی رابردوو.

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی كوردستان لە میانی بەسەركردنەوەی سەنتەری پێدانی ڤاكسین لە نەخۆشخانەی رزگاری لە شاری هەولێر، رایگەیاند “ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە بەرزبوونەوەدایە و لە دۆخێكی مەترسیدارداین، سبەی سێشەممە لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا كۆدەبێتەوە و راسپاردە و پێشنازەكانمان دەخەنەڕوو، ئومێد دەكەین رێكارەكان توندتر بكرێن، لەئێستاشەوە لە كۆبوونەوەی ژوورەكانی ئۆپەراسیۆنی هەندێك پارێزگاكان بڕیاری نوێیانداوە”.

سەبارەت بە ئەگەری راگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ سامان بەرزنجی وتی، “لە سەرەتادا رێكارەكان توندتر دەكرێن، پێش ئەوەی بگەینە قۆناغی قەدەغەی هاتوچۆ ئەوا رێكاری دیكە هەیە، دەمانەوێت رێكارەكان كاریگەری نەبێت لەسەر كار و گوزەرانی خەڵك، ئومێد دەكەین هاووڵاتییان پابەند و پاڵپشت بن و لە هەر دۆخێكیشدا بڕیاری پێویست بە رەوشەكە دەدەین”.

ئەمە لە كاتێكدایە كە بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان، ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا گەیشتووتە ١١٩ هەزار و ٤٨٠ كەس و سێ ھەزار و ٦٤٣ كەسیش بەهۆی ڤایرۆسەكەوە گیانیان لەدەستداوە.