سەردێر

گەرووی سوێس كرایەوە

خەڵك-

كۆمپانیای ئینش كیپ بۆ خزمەتگوزاری گواستنەوە ئاشكرایكرد ئەو كەشتییەى لە گەرووی سوێس ماوەی نزیكەی هەفتەیەكە گیری خواردبوو لە ئاوەكە لای دابوو، خرایە سەر ئاو لە ئەمڕۆ دوو شەممە.

بەپێی زانیارییەكان دوای گەڕاندنەوەی كەشتییەكە بۆ نێو ئاو لەلایەن تیمێكی تایبەتەوە پشكنینی بۆ دەكرێت پێش ئەوەی دەست بە جووڵە بكاتەوە.

سەرچاوەیەك بۆ ئاژانسی دەنگوباسی رۆیتەرز دەڵێت: بەیانی زووی ئەمڕۆ دوو شەممە كەشتییەكە خراوەتەوە سەر ئاو بزوێنەرەكانی كار دەكەن، بەڵام پشكنینی تەواوی بۆ دەكرێت پێش ئەوەی دەست بە جووڵە بكاتەوە.

دەستەی بەڕێوەبردنی گەرووی سوێس لە میسر لە راگەیەنراوێكدا دوێنێ ئاشكرایكرد هەوڵەكان چڕكراونەتەوە بۆ دەرهێنانەوەی ئەو بەشەی كەشتییە بارهەڵگرەكە كە چووەتە نێو وشكانیەوە.

ماوەی نزیكە هەفتەیەكە كەشتییەكی بارهەڵگری گەورە لە بەڕێكەوتوو لە چینەوە بۆ رۆتەردامی هۆڵەندا لە گەرووی سوێس گیری خواردبوو.

بەسەدان كەشتی بارهەڵگر گیریان خواردبوو لە نۆكەندی سوێس دوای گیرخواردنی كەشتییەكی گەورە.

ئیدارەی میسر چەند بەمەلەمی بەكارهێنا بۆ كردنەوەی رێگا بۆ كەشتییەكان و گەڕاندنەوەی كەشتە گەورە گیرخواردووەكە بۆ سەر رێڕەوی خۆی لەسەر گەورەترین رێڕەوی ئاوی قەرەباڵغ لە جیهاندا.

پێشتر بڵاوكرایەوە كە كەشتییەكە بەهۆی رەشەبا و گەردەلوولی خۆڵبارینەوە لە رێڕەوی خۆی لایداوە، بەڵام دواتر بەرپرسانی میسر بەرپرسیارێتی رووداوەكەیان خستە ئەستۆی كاپتنی كەشتییەكە.

ئەو كەشتییەی گیری خواردووە، درێژییەكەی 400 میترە و كێشەكەی 223 هەزار تۆنە و لە رێدابووە لە چینەوە بۆ رۆتەردامی هۆڵەندا.

بەهۆی رێگری لە جوڵەی كەشتییەكان نرخی نەووت بەرێژەی 5% بەرز بووەوە لە رۆژی چوار شەممە واتا بۆ هەر بەرمیلێك 3 دۆلاری چووە سەر، ئەمەش پاش هەواڵی گیرخواردنی ژمارەیەك كەشتی دێت كە 13 ملیۆن بەرمیل نەوتیان هەڵگرتووە.

زیانی رۆژانەی رێگیران لە نۆكەندی سوێس لە ماوەی نزیكەی هەفتەی رابردوودا گەیشتبووە 10 ملیار دۆلار لەسەر ئاستی جیهان.

لە نۆكەندی سوێسەوە 10ی نەوتی خاوی جیهانی دەگوزرێتەوە و نزیكەی 12%ی جوڵەی بازرگانیش لە ئەو نۆكەندەوەیە.