خەڵك-
پەسەندكردنی پرۆژە یاسای بودجەی 2021ی عێراق بۆ كاتێكی نادیار دواخرا بەهۆی ئەوەی لایەنە ناكۆكەكان لەسەرى نەگەیشتنە رێككەوتن.
لە پاشنیوەڕۆی دوێنێوە گفتوگۆكان لەنێوان فراكسیۆنەكان و لایەنەكانی نێو پەرلەمان و دەرەوەی پەرلەمان دەستیپێكرد بۆ رێككەوتن لەسەر پرۆژە بودجەی 2021 كە بڕیاربوو دوێنێ دەنگی لەسەر بدرێت، بەڵام نەگەیشتنە رێككەوتن.
بەپێی زانیارییەكان پشكی كورد لە پرۆژەی بودجەدا یەكلایی بووەتەوە و لە لیژنەی دارایی پەسەند كراوە، بەڵام كێشەی دیكە لەنێوان لایەنەكاندا هەیە.
سەرچاوەكان ئاشكرای دەكەن، كێشەی سەرەكی لە پرۆژەی بودجەدا ئێستا نرخی دۆلار و قەرزە، كە حكومەت سوورە لەسەری و فراكسیۆنەكانی فەتح و دەوڵەتی یاسا و نەسر رەتی دەكەنەوە، ئامادەنین دەنگ بە پرۆژەكە بدەن.
پرۆژەی بودجە ناكۆكییەكی گەورەی لەنێوان لایەنەكان و پێكهاتەكانی عێراق لەلایەكەوە وەك شیعە و كورد و سوننە و لەلایەكی دیكەوە لەنێوان فراكسیۆنەكان و حزبەكان پەیداكردووە بەجۆرێك چارەسەركردنی كێشەكانی ئاسان نییە.
لە ماوەی رابردوودا چەند جارێك وادە دانرا بۆ دەنگدان لەسەر بودجە، بەڵام پەرلەمان شكستی هێنا لە كۆبوونەوە بۆ دەنگدان لەسەر بودجە.