سەردێر

“ئەگەر هاووڵاتیان پابەند نەبن قەدەغەی تەواوەتی هاتووچۆ ڕادەگەیەنرێتەوە”

خەڵك

ژووری ئۆپراسیۆنی پارێزگای هەولێر چەند بڕیارێكی دەكرد و تیایدا هاتووە، “هەموو جۆرە گردبوونەوە و كۆبوونەوە و كۆڕ و سمینار و كۆنفڕاس، لە هۆڵ، باخچە، شوێنی گشتیی كراوە و داخراو قەدەغەیە و هۆڵەكانی سینەما لەسەرجەم مۆڵ و بازاڕەكان دا‌خراو دەبن”، دەشڵێت، ئەگەر هاووڵاتیان پابەندی ڕێكارەكانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەكان نەبن قەدەغەی تەواوەتی هاتووچۆ ڕادەگەیەنرێتەوە.

دەقی ڕاگەیەنراوەكە:

ڕاگەیندراوێك لە ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر

ئەمشەو2021.3.28، بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بەئامادەبوونی ئەندازیارعەلی ڕەشید، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەدیوانی پارێزگا، كۆبووە و گەیشتە ئەم بڕیارانەی لای خوارەوە:-

یەكەم: دوای وەرگرتنی ڕاو سەرنجی لێژنەی زانستیی و لێژنەی تەندروستیی سەبارەت بە هەستیاری و مەترسیداری هەڵكشان و تەشەنەسەندنی زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا و زیاد بوونی مەترسیەكانی ڕۆژ دوای ڕۆژ بۆ سەرگیانی هاوڵاتییان، تەواوی هێزەكانی ناوخۆ (ئاسایش، پۆلیس، زێرەڤانی، پۆلیسی هاتوچۆ، پۆلیسی شارەوانی و تیمەكانی شارەوانیمان دەستكراوە كردەوە لە وەرگرتنی ڕێكاری توندی یاسایی بەرامبەر هەموو ئەوكەس و لایەنانەی ڕەچاووی جێبەجێكردنی ڕێنماییە تەندروستییەكان و ڕێكارەكانی خۆپارێزی بەتایبەتی بەستنی (دەمامك) نابن، بۆیە داوا لە هاوڵاتییانی سنووری پارێزگاكەمان دەكەین، بۆ پاراستنی ئاسایشی تەندروستی و سەلامەتی گشتی شارەكەمان، پابەندبن بە ڕێكارەكانی خۆپارێزی بەتایبەتی بەستنی (دەمامك)، بەپێچەوانەوە هەركەسێك سەرپێچی بكات ڕێكاری توندی یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.

دووەم/ بەهەموو شێوەیەك، هەموو جۆرە گردبوونەوە و كۆبوونەوە و كۆڕ و سمینار و كۆنفراس، لەهۆڵ، باخچە، شوێنی گشتیی كراوە و داخراو قەدەغەیە و هۆڵەكانی سینەما لەسەرجەم مۆڵ و بازاڕەكان دا‌خراو دەبن، هێزەكانی ناوخۆ و تیمەكانی شارەوانی بەوردی چاودێری دەكەن، هەركەس و لایەنێك سەرپێچی لەوبڕیارە بكات، ڕێكاری یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.

سێیەم/ تەواوی ئەو شوێنانەی كە كراوەن، (مۆڵ، ماركێت، شوێنەگشتی و بازرگانییەكان‌)، دەبێت سەرجەم ڕێنامییە تەندروستییەكان و ڕێكارەكانی خۆپارێزی جێبەجێبكەن، بەتایبەتی بەستنی (دەمامك) و دروستنەكردنی قەرەباڵغی، بەپێچەوانەوە ‌هەرشوێنێك پابەند نەبێت، لەلایەن تیمەكانی شارەوانی و مەفرەزەی گەڕۆك، ڕێكاری یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتبەر و شوێنەكەی دادەخرێت.

چوارەم/ دامەزراوە و فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییە حكومییەكان و سەرجەم فەرمانبەرانی سنووری پارێزگاكەمان، تەواوی مەرجە تەندروستییەكان و ڕێكارەكانی خۆپارێزی جێبەجێدەكەن، بەتایبەتی بەستنی (دەمامك) و دروستنەكردنی گردبوونەوە و قەرەباڵغی، هیچ هاوڵاتییەك بۆی نییە بۆ ڕاییكردنی مامەڵەكانی بەبێ بەستنی (دەمامك) بچێتە نێو هیچ فەرمانگە و دام و دەزگایەكی حكومی، هەر بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەیەك و فەرمانبەرێك سەرپێچی لەو بڕیارە بكات، بەڕێوەبەر و بەرپرسانی ئەو فەرمانگەیە ڕووبەڕووی ڕێكاری توندی یاسایی و ئیداری دەبنەوە.

پێنجەم/ كافتریا و یانە و چێشتخانەكان، دەبێت خزمەتگوزارییەكانیان لەدەرەوە و لەباخچەكان پێشكەش بە میوانانەكانیان بكەن، ڕەچاووی دووری مەودای مێزەكان بكەن، ئەوانەشی كە باخچەیان نییە، پێویستە لە ژوورەوە ژمارەی میوانەكانیان سنووردار بكەن و پەنجەرە و دەرگاكان كراوە بكەن بۆئەوەی هەواگۆڕكێ هەبێت، لەكاتی پشكنینی لێژنەكانی تایبەت بە چاودێریكردن، هەر شوێنك پابەند نەبێت بەو بڕیارە و سەرپێچی بكات، ڕێكاری یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر و شوێنەكەی دادەخرێت.

شەشەم/ پرسەدانان لە (كۆڵان – هۆڵ – ماڵ – ژێرخێوەت – باخچە و هەرشوێنێكی تر) قەدەغەیە، بنكەی پۆلیس و موختاری گەڕەك ڕاسپێردراون و بەرپرسیارن، هەركەسێك پابەند نەبێت ڕووبەڕووی ڕێكاری یاسایی دەبێتەوە.

حەوتەم/ سەرجەم شۆفێرانی ئۆتۆمبێلی (تایبەت، بارهەڵگر، كرێ) دەبێت خۆیان و سەرنشینەكانیان (دەمامك) ببەستن و پابەندی ڕێناماییە تەندروستییەكانبن، هەر كەسێك سەرپێچی لەم بڕیارە بكات، لەلایەن پۆلیسی هاتووچۆ و مەفرەزەكانی، ڕێكاریی یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.

هەشتەم/ دۆخەكە هەستیارە و ڕەوشی تەندروستی شارەكەمان مەترسیدارە و زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لەهەڵكشان و تەشەنەسەندن دایە، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر، بەڕەچاوكردنی كار و كەسابەت و بژێوی ژیانی هاوڵاتییان، بژاردەی كەرەنتین و قەدەغەی تەواوەتی هاتووچۆی هەڵنەبژارد، بەڵام ئەگەر هاوڵاتییانی شارەكەمان پابەندی ڕێكارەكانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەكان نەبن، بەتایبەتی بەستنی (دەمامك)، ئەوا لەپێناو پاراستنی ئاسایشی تەندروستی و سەلامەتی گشتیی، دەست بەجێبەجێكردنی بژاردەی دووەم دەكەین، بۆیە داوا لەهەموولایەك دەكەین پابەندبن، تاوەكو بارودۆخەكە و ڕەوشی تەندروستیی لەوەی هەیە سەختر نەبێت.

نۆیەم/ لەبەیانییەوە ڕۆژی دووشەمە 2021.3.29، هێزەكانی (ئاسایش، پۆلیس، زێرەڤانی، پۆلیسی هاتوچۆ) لەشوێنەكان مەفرزە دادەنێن، بۆ چاودێریكردنی هاوڵاتییان و پابەندبوونیان بە ڕێكارەكانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەكان، بۆ چاودێریكردنی دامەزراوە و فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییە حكومییەكانیش، لێژنەی نهێنیمان دەبێت و چاودێری تەواوی فەرمانگە و فەرمانبەرانیان دەكات.

ئەو بڕیارانە سەرجەم قەزا و ناحییەكانی سنووری پارێزگای هەولێر دەگرێتەوە و لەكاتژمێر (12)ی ئەمشەو (28)لەسەر(29)ی ئازاری 2021، دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر
28ی ئازاری 2021



هەلبژاردە

گرنگترینەکان