سەردێر

مەزڵوم كۆبانێ‌: ڕێككەوتننامەكەی دهۆك چارەسەرە

خەڵك-
فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات ئاشكرای دەكات، لێدوانی هەندێك لایەنی ناو (ئەنەكەسە و یەكێتی نەتەوەیی كوردی) كاریگەری نەرێنییان هەیە لەسەر گفتوگۆكان و دەشڵێت: “ئەوەی تایبەتە بە پێشمەرگە و هێزە سەربازییەكان یەكلابۆتەوە و هەر چارەسەرێك دەبێت بەپێی ڕێككەوتننامەی دهۆك بێت”.

مەزڵوم كۆبانێ‌، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە چاوپێكەوتنێكی بۆ ئاژانسی (هاوار) ڕایگەیاندووە، گفتوگۆ و دانوستانەكانی نێوان ئەنجوومەنی نیشتمانی كوردسی سوریا (ئەنەكەسە) و حزبەكانی ناو یەكێتی نەتەوەیی كوردی بۆ یەكخستنی هەڵوێست و قسەكانیان بەردەوامە و ئێمەش وەك لایەنی چاودێر بەسەرییەوە پابەندین پێوەی بە هاوبەشی هاوڕێكانمان لە ئەمریكاییەكان.

وتیشی، “ئەو گفتوگۆیانە ستراتیجین و گرنگی زۆریان هەیە بۆ داهاووی گەلەكەمان و خواستەكانمان لە یەكخستنی ماڵی ناوخۆیی”.

ئاماژەی بەوەشكردووە، هەندێك لێدوان و تۆمەتی بەرامبەر یەكتر لە ڕاگەیاندنەكان لەسەر بابەتەكان لەنێوان ئەو دوولایەنە دەبێتە هۆی دروست بوونی كەشێكی نەرێنی و ئەوەی تایبەتیشە بە لایەنی سەربازی و پێشمەرگەوە ئەوە پێشتر یەكلایی كراوەتەوە و هەر چارەسەرێكیش دەبێت لەچوارچێوەی ڕێككەوتننامەی دهۆك بێت.

كۆبانێ‌ دەشڵێت: “داوا لە برایانمان لە هەردوو لایەنی گفتوگۆ دەكەین چارەسەری كێشەكان بكەن بە هەستی بەرپرسیارێتی و گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و بەردەوامی دان بە لێكتێگەیشتنەكان لەسەر ئەو خاڵانەی جێگەی ناكۆكین بەشێوەی ڕووبەڕوو نەك لەڕێگەی ڕاگەیاندنەكانەوە”.

جەختیشی كردۆتەوە، گفتوگۆی كوردی- كوردی لە سوریا بەشێكە لە پڕۆسەیەكی گشتگیر لەناو گفتوگۆی سوری- سوری و ناتوانین لێكی جیابكەینەوە و ئێمە بەردەوامین و هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ سەركەوتنی ئەو پڕۆسە قورسە، كە داهاتووی سوریا و گەلەكەی لەسەر وەستاوە لەدوای دەیان ساڵ لە ڕاپەڕین و جوڵەی شەقام.