سەردێر

ئایا ئەوانەی تووشی كۆرۆنا بوون تووشی جۆرە نوێیەكانی كۆرۆنا دەبنەوە؟

خەڵك-
بەشێكی زۆری هاووڵاتیان دەپرسن، كە پێشتر تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، ئایا لە ئێستادا، كە سێ‌ جۆری نوێی كۆرۆنا بڵاوبۆتەوە جارێكی دیكە تووشدەبنەوە؟ پزیشكێكی پسپۆڕی هەناوی باسی ئەو حاڵەتانە دەكات، كە تێیدا ئەگەری ئەوە هەیە تووش ببنەوە.

د. سوارە عەلی، پزیشكی پسپۆڕی هەناوى لە نووسینێكدا لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك ئاماژەی بەوەكردووە، “بەداخەوە جارێكی تر خەڵكانێكی زۆر تووشی كۆرۆنا دەبنەوە و ڕۆژانە لە كلینیك و نەخۆشخانەكان ژمارەی حاڵەتە سەختەكان ڕوو لە زۆربوونن”.

بە وتەی ئەو پزیشكە، چەند حاڵەتێك هەیە، كە تیایدا ئەگەری ئەوە هەیە دووبارە كەسێك تووشی كۆرۆنا ببێتەوە:
١.كۆرۆنای ئێستا زنجیرەی تازەیە و گۆڕاوە لەوانەیە بەرگری لەشت نەیناسێتەوە.
٢.لەوانەیە پێشووتر كۆرۆنات تووشبووبێت بە سووكی و ئەم جارە بەقورستر تووش بیت.
٣.ئەگەری دووبارە تووشبوونەوە ھەموو كات ھەیە.
٤.لەوانەیە بەرگری لەش دژی كۆرۆنا بۆ شەش مانگ بمێنێتەوە، بەڵام نەخۆش ھەیە كەمتر لە شەش مانگ دووبارە تووشبۆتەوە.
٥.گروپی مەترسیدار (بەتەمەن، نەخۆشی درێژخایەنی دڵ و شەكرە…) ھەموو كات پێشبینیی قورسی نەخۆشیەكەیان لێ دەكرێت.
٦.لەوانەیە ھەڵگری ڤایرۆسەكە بیت و كەسانی نزیك خۆت تووشبكەیت، بێئەوەی نیشانەت هەبێت.

ئەو پزیشكە جەختیشدەكاتەوە، ماسك بەستن و دووركەوتنەوە لەیەكتر بە دوو مەتر كلیلی سەركەوتنە بەسەر كۆرۆنا تاوەكو ڤاكسین دەگات بەھەموو خەڵك.