سەردێر

خەڵك؛ وردەكاری پێدانی بەشەخۆراك لە ڕەمەزاندا بڵاودەكاتەوە

خەڵك
بەڕێوەبەری خوراكی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، بەردەوامین لە دابەشكردنی بەشەخۆراكی مانگانە بەسەر هاووڵاتیاندا و عیراق بەڵێنی داوە دوو بەش ڕەوانە بكات، بەڵام تا ئێستا زەیتی مانگی حەوت-ی ساڵی پاریان بەتەواوی بۆ ڕەوانە نەكردووین.

شەوكەت محەمەد، بەڕێوەبەری دابەشكردنی خوراك لە سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، بەشەخۆراكی یەكەم خەریكە ماددەی شەكر تەواو دەكەین و زەیتمان بۆ هاتووە بڕەكەی زۆر كەمە، پێمان وانییە بەشی هەموو هاووڵاتیان بكات، بۆیە چاوەڕێی هاتنی زەیتی دیكە دەكەین بۆ دابەشكردنی.

وتیشی، “ئەمڕۆ بەشەخۆراكی دووەمی ئەمساڵ، كە بۆ مانگی سێ دەكات شەكر داگیراوە، دوای گەیشتنی بەتەواوی دەست بە دابەشكردنی دەكرێت، هەموو هەواڵێك دەدەین تا بەردەوام بین لە دابەشكردنی بەشەخۆراك تا گرانی دروست نەبێت”.

ڕاشیگەیاند، عیراق بەڵێنی داوە ئاردی سفر و دوو بەش خۆراك بۆ مانگی ڕەمەزان ڕەوانە بكات و دابەشی سەر هاووڵاتیانی خۆمانی بكەین.

لای خۆشیەوە، وەزارەتی بازرگانی عیراق لە بەیاننامەیەكدا ئەمڕۆ یەك شەممە ئاشكرای كردووە، دەستیان بە ناردنی بڕێكی زۆری شەكر و زەیت كردووە بۆ سەرجەم پارێزگاكان و بەم نزیكانەش برنج و ڕەوانە دەكرێت.

جەختیشی كردۆتەوە، دوو بەشەخۆراك دابەش دەكرێت، كە لەگەڵ بەشەخۆراكی ڕەمەزاندا ئاردی سفریش دابەش دەكرێت.