سەردێر

نرخی دۆلار یەكلایی كرایەوە

خەڵك-
ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی عیراق ئاشكرای دەكات، كە نرخی دۆلار وەك خۆی ماوەتەوە و پەڕلەمان پەسەندی دەكات.

محەمەد شەبەكی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عیراق بۆ (بغداد الیوم) ڕایگەیاندووە، پەڕلەمانی عیراق پابەندە بەو نرخی دۆلارەی لەلایەن حكومەتەوە دیاری كراوە لەناو پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021ی فیدڕاڵی.

ڕاشیگەیاندووە، پەڕلەمان دەنگ بەو نرخە دەدات، كە بۆ یەك دۆلار 1450 دینارە و وەك چۆن لە حكومەتەوە هاتووە دەستكاری ناكرێت، هەرچەند چەند ناڕەزایەتییەكیش هەبوو لەسەر ئەو نرخە، چونكە پەڕلەمان دەسەڵاتی گۆڕانكاری لە نرخی دراو نییە و ئەوە دەسەڵاتی تایبەتی حكومەتە.

وتوشیەتی، “ئەگەر گۆڕانكاری لە نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار بەرامبەر دینار بكرایە ئەوا دەبوو چەندین ماددە و بڕگەی بودجە دەستكار بكرایەتەوە و هاوكات كوترهێنانی ناو بودجەش زۆر زیادی دەكرد”.

هەرچەندە بەشێكی پەڕلەمانتاران هەڕەشەی ئەوەیان كرد، كە دەنگ بە بودجە نادەن ئەگەر نرخی دۆلار كەمنەكرێتەوە، بەڵام بە وتەی شارەزایانی یاسایی “ئەوە تەنها بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوەختە و سیاسەتی دارایی لەلایەن حكومەتەوە دیاری دەكرێت نەك پەڕلەمان”.

كاروان حەمە ساڵح، پسپۆڕی كارگێڕی و ئابووری بە (خەڵك) ی ڕاگەیاند، دۆخی ناجێگیری دینار پەیوەندی بەو قەیرانە داراییەوە هەیە، كەلە ڕابردوودا دروستبوو، بەرزو نزمی لە بەهای دۆلاردا بەهۆی لێدوانی بەرپرسەكانەوەیە ،هەندێك لێدوان كاریگەری نەرێنی دەكاتە سەر ژیانی هاووڵاتیان.

وتیشی، “ئەو هەوڵانەی دەدرێت بۆ بەرزكردنەوەی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار تەنها موزایەدەی هەڵبژاردنە، چونكە ئەو كوتلەیەی سەرۆكایەتی كەمپینی دابەزینی بەهای دۆلار دەكات سەرۆكەكەی لە سەردەمی حوكمڕانی خۆیدا نزیكەی 300 ملیار دۆلاری برۆتە دەرەوە و بە فیڕۆی داوە ئێستا خێرە بۆ بەرژەوەندی هاووڵاتیان بەهای دۆلار دابەزێنێت؟”.

هاوكات، نەوزاد هەمەوەندی، مامۆستای زانكۆ لەمێریاری دارایی بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، بەرزبوونەوەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار كاتیە و بانكی ناوەندی بڕیاری خۆی ناگۆڕێت، چونكە ئەگەر بەماوەیەكی كەم بڕیارەكانی خۆی بگۆڕێت ئەوا متمانەی خۆی لەدەست دەدات.