سەردێر

حكومەتی هەرێم پێداچوونەوە بە دۆسیەی فەرمانبەران دەكات

خەڵك-
سەرۆكی دەستەی دەستپاكی لە ھەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، حكومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ یاسای چاكسازی ڕاپۆرتی دووەمی ئامادە كردووە و دەیداتە پەڕلەمان و دەشڵێت: “پێداچوونەوە بە دۆسیەی سەرجەم فەرمانبەران دەكرێت”.

حاكم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆكی دەستەی دەستپاكی بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕایگەیاندووە، حكومەتی ھەرێمی كوردستان بڕیاری داوە ھەر سێ مانگ جارێك ڕاپۆرتێك لەبارەی یاسای چاكسازییەوە ڕەوانەی پەرلەمان بكات، كە بڕیار بوو ئەم مانگە ڕەوانە بكرێت، بەڵام بە ھۆی بۆنەكانی نەورۆز و هەروەها بەوپێیەی بەرپرسی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجومەنی وەزیران، ئەندامی شاندی دانوستانكارە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا، ئەمانە بوونەتە ھۆی دواكەوتنی ڕەوانەكردنی ڕاپۆرتی دووەم لەبارەی یاسای چاكسازییەوە، بەڵام ڕاپۆرتەكە لە قۆناغی كۆتاییدایە و بەم زووانەش ڕەوانەی پەڕلەمان دەكرێت.

ئاشكراشی كردووە، جێبەجێكردنی بڕگە و ماددەكانی یاسای چاكسازی بەردەوامیی ھەیە و ئێستا پێداچوونەوە بە دۆسیەی فەرمانبەران لە قۆناغی كۆتاییدایە، كە ملیۆنێك و ٢٥٠ هەزار فەرمانبەرمان ھەیە و ٨٠٠ ھەزاریان فەرمانبەرن و ئەوانەی دیكە خانەنشین و بەڕێوەبەرە گشتییەكانن لەگەڵ هەموو ئەوانەی مووچەخۆرن و دواتر تەنها ئەوانە دەمێننەوە، كە شایستەن.

وتوشیەتی، “ھەندێك لە پرسەكانی ناو یاساكەش پێویستیان بە بڕیاری سیاسی و ھاوكاری لایەنە سیاسییەكان ھەیە، بۆیە حكومەت لە ڕاپۆرتی خۆیدا بۆ پەڕلەمان، باسی ھەموو وردەكاری و ھەنگاوەكان دەكات، كە ناویەتی لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا، بۆ ئەوەی پەڕلەمان و خەڵكیش ئاگاداری چاكسازییەكانی حكومەت بن”.

سەرۆكی دەستەی دەستپاكی جەختیشی كردۆتەوە، حكومەتی ھەرێم لە ھەموو سێكتەرەكان ھەنگاوی باشی ناوە لە بواری چاكسازیدا و بەردەوامیش دەبێت، تاوەكو سەرجەم بڕگە و ماددەكان جێبەجێ دەكرێن.