سەردێر

پەنابەرێكی كورد كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

خەڵك-
دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران ئاشكرای دەكات، پەنابەرێكی كوردی باكوری كوردستان لە گرتووخانەیەكی یۆنان دوابەدوای درێژكردنەوەی ماوەی دەستبەسەركردنەكەی كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

ئاری جەلال، سەرۆكی دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، كوڕێكی تەمەن ٢٤ ساڵە، كە بۆ ماوەی ١٦ مانگ لە گرتووخانەیەكی شاری كۆرینتۆس بەهۆی گەشتە نایاساییەكەیەوە دەستبەسەر كرابوو، بڕیاربوو ڕۆژی شەممە كۆتایی بە ماوەی دەستبەسەركردنەكەی بێت، بەڵام كاتەكەی بۆ درێژكرایەوە.

ڕاشیگەیاند، بەهۆی ئەو بڕیارەوە باری دەروونی ئەو گەنجە تێكچووە و كۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

ئاشكراشی كرد، هەر لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا پیاوێكی ٤٤ ساڵ، كە بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ بارودۆخی تەندروستی تێكچووبوو، گیانی لەدەستدا، ئەوەش بەهۆی كەمتەرخەمی پاسەوانانی گرتووخانەكە لە داواكردنی فریاگوزاری خێرا.