سەردێر

هەرێم و عیراق لەسەر بودجە و مووچە ڕێككەوتن

خەڵك-
بڕیاردەری لیژنەی دارایی عیراق لە پشكی كورد ئاشكرای دەكات، كە شاندی حكومەتی هەرێم لەگەڵ لایەنەكانی عیراق لەسەر پشكی هەرێم لە بودجە و مووچە ڕێككەوتن.

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ یەك شەممە، شاندی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عیراق كۆبووەوە بۆ گفتوگۆ كردن لەسەر ئەو بڕگە نوێیەی لایەنە شیعەكان زیادیان كردووە بۆ ماددەی 11ی بودجە، كە تایبەتە بە پشكی بودجەی هەرێمی كوردستان.

ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عیراق بۆ ڕۆژنامەی (الصباح)ی فەرمی عیراق ڕایگەیاندووە، ڕێككەوتن كراوە لەسەر ماددەی 11ی بودجەی 2021 لەنێوان شاندی هەرێم و كوتلە كانی پەڕلەمان.

پێشتر سەرچاوەیەكی پەڕلەمانی عیراق بۆ (خەڵك) ئاشكرای كرد، ناكۆكییەكان لەسەر بودجە چەند خاڵێكیان لە خۆگرتووە، كە زۆرینەیان پەیوەندی بە ململانێی ناو شیعەكانەوە هەیە لەسەر بودجەی پارێزگاكان و دامەزراندن و نرخی دۆلار و پارەی چاودێری كۆمەڵایەتی، هەروەها پشكی هەرێمی كوردستان بڕگەیەكی بۆ زیاد كراوە، كە ئەویش ئەوەیە ئەگەر هەرێم پابەندی ناردنی نەوت نەبێت ئەوا هیچ بڕە پارەیەكی نادرێتێ‌.