سەردێر

بودجە دواخرا و شاندی هەرێم و سێ‌ سەرۆكایەتییەكە و دارایی كۆبوونەوە

خەڵك-
كۆبوونەوەی پەڕلەمانی عیراق بۆ پەسەندكردنی بودجە دواخرا بۆ ئێوارەی ئەمڕۆ و لە ئێسادا شاندی هەرێم و سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی عیراق و لیژنەی دارایی پەڕلەمان و سەرۆكی فراكسیۆنەكان كۆبوونەوە بۆ ڕێكككەوتن لەسەر خاڵە ناكۆكەكان.

سەرچاوەیەك لە پەڕلەمانی عیراق بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، كەمێك لەمەوبەر شاندی هەرێمی كوردستان و لیژنەی دارایی و سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی عیراق و سەرۆكی فراكسیۆنەكاتن دەستیان بە كۆبوونەوە كردووە بە مەبەستی ڕێككەوتن لەسەر خاڵە ناكۆكەكانی بودجە.

ڕاشیگەیاند، ناكۆكییەكان چەند خاڵێكیان لە خۆگرتووە، كە زۆرینەیان پەیوەندی بە ململانێی ناو شیعەكانەوە هەیە لەسەر بودجەی پارێزگاكان و دامەزراندن و نرخی دۆلار و پارەی چاودێری كۆمەڵایەتی، هەروەها پشكی هەرێمی كوردستان بڕگەیەكی بۆ زیاد كراوە، كە ئەویش ئەوەیە ئەگەر هەرێم پابەندی ناردنی نەوت نەبێت ئەوا هیچ بڕە پارەیەكی نادرێتێ‌.

بە وتەی سەرچاوەكە، “كۆبوونەوەی پەڕلەمان دواخراوە بۆ كاتژمێر 7ی ئێوارەی ئەمڕۆ و ئەگەر ڕێكككەوتن بكرێت ئەوا كۆبوونەوە دەستپێدەكات بۆ پەسەندكردنی بودجە و ئەگەر ڕێككەوتنیش نەكرێت دوادەخرێت بۆ كاتێكی دیكە”.

سەرچاوەكە ئاشكراشی كرد، هەرێمی كوردستان پێشتر ڕێككەوتنی كۆتایی كرد و هیچ كێشەیەك نەبوو، بەڵام دواتر ئەو دەقە زیادكراوە و لە ئێستتاشدا شاندی حكومەتی هەرێم لە گفتوگۆدایە و گەشبینین بە ڕێككەوتن.