سەردێر

4 مامۆستا بە كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە

خەڵك-

سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، دەمانەوێت بە كەمترین زیان ئەمساڵی خوێندن تێبپەڕێنین.

هەرچەندە ئەمساڵ دوای چوار مانگ دەرگای قوتابخانەكان كرانەوە، بەڵام وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان پاش مانگێك بۆ جارێكی دیكە دەرگای قوتابخانەكانی داخستەوەو بەپێی نوێترین زانیاریش تاكو 8ی مانگی داهاتوو بە داخراوی دەمێننەوە، ئەمەش نیگەرانی لای بەرپرسانی پەروەردەوە دروست كردووە.

ئەحمەد گەرمیانی سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، لە ماوەی 10 ڕۆژی ئەم مانگەدا 4 مامۆستامان بە كۆرۆنا كۆچی دواییان كردووە.

وتیشی”بابەتێكی ناخۆشە كە دەرگای قوتابخانەكان داخراون، لەكاتێكدا گیانی مامۆستایان و قوتابیان لە هەموو شتێك گرنگترە بەلامانەوە، بەڵام دەبینین هەموو شوێنەكان كراوەتەوەو زانكۆ و مزگەوت دەرگایان كراوەتەوە بەڕاستی پێمانباشە دەرگای قوتابخانەكانیش بكرێتەوە، بەڵام ڕێكارە تەندروستییەكان بپارێزرێت”.

ئاشكراشیكرد، دەبێت خۆمان ڕابهێنین لەگەڵ ئەم دۆخە و داخستنی دەرگاكان چارەسەر نییە و پێویستە ڕێكارەكان جێبەجێ بكەین بۆ ئەوەی ساڵێكی خوێندمان نەفەوتێت و هەوڵ بدەین بە كەمترین كاتیش بێت خوێندكاران دانەبرێن لە خوێندن.

ڕوونیشیكردەوە، بابەتی 20 نمرە شتێكی لەناكاو نییە وەزارەت بڕیاری لەسەرداوە ئەوە لە ساڵنامەی وەزارەت هەیە و باسی لێوە كراوە كە چۆن نمرە دادەنرێت، ئەمڕۆ دۆخەكە نائاساییە دەبێت ڕەچاوی دۆخەكە بكرێت و خوێندكاران لە دۆخێكی قورسدان و هەرچۆنێك بێت بە كەمترین زیان ساڵەكە تەواو بكەین.