سەردێر

ئەمڕۆ دەنگ لەسەر بودجە دەدرێت

خەڵك-

بڕیارە ئەمڕۆ یەك شەممە پەڕلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی 2021ی عێراق كۆببێتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی دوێنێ لە كۆبوونەوەی لیژنەی دارایی لەگەڵ شاندی حكومەتی عێراق بڕیاردرا پڕۆژەكە پەسەندبكرێت بە پشكی هەرێمی كوردستانیشەوە، ئێوارەی دوێنێش شاندی هەرێم گەڕانەوە بەغدا.

پەڕلەمانی عیراق كاتی پەسەند كردنی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021ی فیدڕاڵی دیاریكرد و ئەندامێكی كوردی پەرلەمانیش بەدووری دەزانێت پرۆژەكە پەسەند بكرێت و دەشڵێت “ڕێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا قورسە”.

بەپێی بەرنامەی كاری كۆبوونەوەی پەڕلەمانی عێراق، كە لەلایەن دەستەی سەرۆكایەتییەوە پەسەند كراوە و وێنەی دەست (خەڵك) كەوتووە، ئەمڕۆ یەك شەممە 28ی ئادار لە كاتژمێر 3ی پاش نیوەڕۆ كۆبوونەوەی پەڕلەمان ئەنجام دەدرێت بە مەبەستی پەسەندكردنی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021 و لە 58 ماددە پێكهاتووە.

جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عێراق بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ 28/3/2021 كۆبوونەوەی پەڕلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە بەڕێوەدەچێت، بەڵام لەو باوەڕەدا نیم لە دانیشتنەكەدا دەنگ لەسەر پڕۆژە یاساكە بدرێت.

وتیشی”ڕێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا قورسە”.

لای خۆشییەوە بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی پەڕلەمانی عێراق دوێنێ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ڕێكەوتنی هەرێم و بەغدا ئاساییە و هەموو دەستكاریكردنێكی دەقی ڕێكەوتنەكە ڕەتدەكەینەوە، لەكۆبوونەوەكەی لیژنەی دارایی و حكومەتدا باس لەو ڕێكەوتنە نەكرا، بەڵكو چاوەڕواندەكرێت ئەمڕۆ تەنها دەنگی لەسەر بدرێت، تا ئێستاش پشكی هەرێم كێشەی نییە و چەند كێشەیەكی دیكەی نێوان لایەنەكان بوونەتە هۆكاری دواكەوتنی دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساكە.

ئاشكراشیكرد، دواخستنی زیاتری بودجە لە بایەخ و پێگەی پەڕلەمان كەمدەكاتەوە، بۆیە هیوادارین ئەمڕۆ سەرجەم لایەنەكان كۆكبن لەسەرئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت و چیدیكە دوانەكەوێت، هەندێك لایەنیش پشكی هەرێمی كوردستانیان كردووەتە پاساو بۆ پەكخستنی پەسەندكردنی بودجە.

بەپێی ڕێككەوتنەكەی 14ی (ئادار/3)ی 2021ی نێوان شاندی هەرێمی كوردستان و لیژنەی دارایی عێراق پێویستە هەرێمی كوردستان لەبەرامبەر وەرگرتنی شایستە داراییەكانی، 460 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێكدا ڕادەستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات، 30 هەزار بەرمیل نەوت بۆ كارەبا و 180 هەزار بەرمیل بۆ تێچووی دەرهێنان، 20 هەزار بەرمیل بۆ پترۆدۆلار دەدرێت بە هەرێمی كوردستان.