سەردێر

ئەمڕۆ شایستە داراییەكانی جوتیاران دابەش دەكرێت

خەڵك-

بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی بازرگانی ڕایدەگەیەنێت، شایستە داراییەكان جوتیارانی هەرێم دابەش دەكرێت.
دوای چاوەڕوانی زیاتر لە 6 ساڵ، حكومەتی عێراق بڕیاری خەرجكردنی پارەی گەنمی جوتیارانی دا و بەپێی زانیارییەكانیش ئەمڕۆ لە هەولێر و دهۆك دەست بە دابەشكردنی شایستە داراییەكان دەكرێت و بە چەند هەفتەیەكیش شایستەكان دابەش دەكرێت.

نەوزاد شێخ كامیل بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی بازرگانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ سایلۆی هەولێر و دهۆك دەستیان كردووە خەرجكردنی شایستە داراییەكانی جوتیاران بۆ ساڵەكانی 2014 و 2015 و 2016 .
وتیشی” پێویست بوو لەكاتی خۆیدا ئەو پارەیە دابەش بكرایە، بەڵام لەلایەن حكومەتی عێراقییەوە ڕاگیرابوو، بەڵام بە هەوڵی هەموو لایەك ئەو پارەیە گێڕدرایەوە وەكو بەشی یەكەم”.

ئاشكراشیكرد، بەهۆی پشووەكانی نەورۆزەوە چەند ڕۆژێك پێدانی شایستە داراییەكان دواكەوت و چەكەكانیش لەلایەن سایلۆكانەوە ئامادە كراوە و بەهۆی ئەوەی بانكەكانیش مووچەی فەرمانبەرانی تێدا دەدرێت، ڕۆژانە 250 چەك دەكرێت بۆ جوتیارەكان، ئەویش لەبەر پابەندبوون بە ڕێنماییەكانی تەندروستی.

ڕوونیشیكردەوە، 79 هەزار مامەڵەی جوتیارانمان لایە و كاتێكی زۆری دەوێت، ئەگەر بانكەكان هاوكاریمان بكەن بە بەردەوامی پارەكەمان بۆ خەرج بكەن و كێشە نەیەتە پێشەوە لەوانەیە بە دوو هەفتەیەك شایستەكان دابەش بكرێن.