سەردێر

هەوڵەكان بۆ دابەزینی بەهای دۆلار موزایەدەی هەڵبژاردنە

خەڵك
پسپۆرێكی كارگێڕی و ئابووری دەڵێت هەوڵەكان بۆ دابەزاندنی بەهای دۆلار تەنها موزایەدەی هەڵبژاردنەو لە بەرژەوەندی هاووڵاتیاندا نییە.

كاروان حەمە ساڵح، پسپۆڕی كارگێڕی و ئابووری بە (خەڵك) ی ڕاگەیاند، دۆخی ناجێگیری دینار پەیوەندی بەو قەیرانە داراییەوە هەیە كەلە ڕابردوودا دروستبوو، بەرزو نزمی لە بەهای دۆلاردا بەهۆی لێدوانی بەرپرسەكانەوەیە ،هەندێك لێدوان كاریگەری نەرێنی دەكاتە سەر ژیانی هاووڵاتیان.

وتیشی، ئەو هەوڵانەی دەدرێت بۆ بەرزكردنەوەی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار تەنها موزایەدەی هەڵبژاردنە، چونكە ئەو كوتلەیەی سەرۆكایەتی كەمپینی دابەزینی بەهای دۆلار دەكات سەرۆكەكەی لە سەردەمی حوكمڕانی خۆیدا نزیكەی 300 ملیار دۆلاری برۆتە دەرەوە و بە فیڕۆی داوە ئێستا خێرە بۆ بەرژەوەندی هاووڵاتیان بەهای دۆلار دابەزێنێت؟

ئاماژەی بەوەشكرد، دۆخی ئابووری عێراق بەو ئاراستەیە دەڕوات كە دراوەكەی زیاتر دادەبەزێت وپەرلەمانیش ناتوانێ‌ بڕیارەكانی بانكی ناوەندی هەڵبوەشێنێتەوە تەنها دەتوانێت كارتی فشار بەكار بهێنێت كە ئەویش دەنگنەدانە بە یاسای بودجە.

وتیشی، ئەم دۆخە كە لەپڕ ڕوویدا لە نزمبوونەووەی بە های دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی بووە هۆی زیانگەیاندن بە هاووڵاتیان و ئەگەر بەو جۆرە لە پڕە نەبوایەو بە شێوەیەكی هەنگاوی بوایە زیانەكان كەمتر دەبوون پێم باشە ڕێگە بدرێت تا نرخەكەی جێگیر دەبێت بۆ ئەوەی دەرهاویشتەكانی ببینین.

وتیشی، پێویستە حكومەت خۆی بەهای دۆلاری ئەمریكی دابەزێنێت چونكە ئەگەر ئەمە نەكرێت ئابووری عێراق بەرەو داتەپینی زیاتر دەڕوات ئەوكاتە یەدەگی دیناری عێراقی لە بانكی ناوەندیدا نامێنێت و پشتگیریەك نامێنێت بۆ دراوی وڵاتەكە و بەمەش هاووڵاتیان ڕووبەڕووی كێشەی گەورەتر دەبنەوەو سیاسیەكان لێی دەرباز دەبن .