سەردێر

هەرێم، ڕێژەی توشبووانی كۆرۆنا لە %10 زیاترە

 

خەڵك-ئارام سەردار
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەرێم دەڵێت ڕێژەی تووشبووانی كۆرۆنا لە١٠٪ زیاترە، لەكاتێكدا نابێت ژمارەی تووشبووان لە٥٪ زیاتر بێت و داواش لە هاووڵاتیان دەكات پابەندی ڕێنماییەكان بن.

بژار موسا، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی لەبارەی ڕەوشی تەندروستی بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، بەداخەوە ماوەی زیاتر لەمانگێكە ڕۆژ بەڕۆژ ژمارەی تووشبووانی كۆڕۆنا بەرزدەبێتەوە، بەشێوەیەك بۆتە هۆكاری مەترسی زیاتری تەشەسەندنی ڤایرۆسەكە كە ژمارەی تووشبووان لە١٠٪ زیاترە، لەكاتێكدا نابێت ژمارەی تووشبووان لە٥٪ زیاتر بێت.

دەشڵێت، هەفتەی ڕابردوو ڕێژەی تووشبوون زۆر خێراتر بووە، ڕەنگە لەدوو هەفتەی داهاتوو ئەگەر هاوڵاتیان پابەند نەبن ژمارەكە زیاتر بەرزبێتەوە، هۆكاری خێرابڵاوبوونەوەش سستیە لەجێبەجێ كردنی ڕێنماییەكان لەلایەن هاووڵاتیان، چونكە پابەندی بەڕێنمایی خۆپارێزی دەبێتە هۆكاری كەم بوونەوەی ژمارەی تووشبووان.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر ئێستا قوتابخانەكان بكرێنەوە ژمارەی تووشبووان زۆر زیاتر دەبێت، بەهۆی ئەو ژمارە بەرزەی ئێستا لەنێوكۆمەڵگە تۆمار دەكرێت، لەبەر ئەوە بەباش زانراوە پشووی قوتابخانەكان درێژبكرێتەوە تاوەكو هەڵسەنگاندن بۆ باروودۆخەكە دەكرێت.

باسی لەوەشكرد، دوو هەفتەی داهاتوو زۆر سەخت دەبێت، بۆیە داوا لەهاوڵاتیان دەكەین پابەندن و ڕێنماییە خۆپارێزیەكان جێبەجێ بكەن، تووشبووەكانیش چارەسەر بكرێن و تووشبوون هێواش بكرێتەوە.