سەردێر

شانۆكاران و هونەرمەندان نیگەرانن

 

خەڵك-ئارام سەردار

٢٧ی ئادار وەك ڕۆژی جیهانی شانۆ دیاری كراوە‌، لەم ساڵڕۆژەدا شانۆكاران و هونەرمەندان لە ئێستای شانۆی كوردی نیگەرانن و پێیان وایە شانۆ ئێستا لە ئاستی پێویستدا نیە، بۆیە داوا دەكەن گرنگی زیاتر بەو هونەرە بدرێت .

لەڕۆژی جیهانی شانۆدا چەند چالاكیەك لەهەولێر بەڕێوەچوو، شانۆگەریەك بەناوی پیاوانی ئێمە نمایشكرا، وێڕای ئەوەی هونەرمەندان و شانۆكاران پیرۆزبایی ئەو یادە دەكەن بەڵام نیگەرانیشن لە بارودۆخی شانۆ لە هەرێمی كوردستان .

هونەرمەند خەلیل یابە، لەبارەی شانۆ لەگەڵ داگیرساندنی مۆمێكی تر بۆ ڕۆژی جیهانی شانۆ ڕایگەیاند، ئاوات بۆ ڕابردوو دەخوازم كە هونەری شانۆ گرنگ و بایەخی زۆری هەبوو، بەڵام بەداخەوە لە ئێستادا شانۆ لە ئاست خواستی هونەرمەندان و هاووڵاتیانیشدا نیە .

هیوا سوعاد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی شانۆی هەولێر لەساڵڕۆژی شانۆدا وتی، لەگەڵ ئەوەی چەندین شانۆگەری و فیستیڤاڵ و چالاكی گرنگ ئەنجامدراون بەڵام شانۆ نەبۆتە پێویستیەكی كۆمەڵگا.

هاوكات لقی هەولێری سەندیكای هونەرمەندان لەگەڵ دەربڕینی نیگەرانی خۆیان بەهۆی ئەنجام نەدانی هیچ چالاكیەك لەهەولێری پایتەخت دەڵێ،‌ بەدڵێكی پر لە ئاهەوە وەك لقی هەولێری سەندیكا پێشوازی لەم یادە پر شكۆیە دەكەینەوە.

باس لەوەش دەكەن، بەداخەوە لەبەر نەبونی پاڵپشتی وهاوكاری هیچ چالاكیەك لە پایتەخت ئەنجام نادرێت كەچی لە گشت شارەكانی كوردستان بەچەندین بەرهەم پێشوازی لەم یادە دەكریتەوە، ئێمەش ئاواتە خوازبوین پایتەخت بەچەندین بەرهەمی جۆراوجۆر پێشوازی لەو یادە بكاتەوە كەچی وەك ئەوە وابێ تەنها لە پایتەخت قەیرانی دارایی و ڤایرۆسی كۆڕۆنا هەبێت ،تەنها پایتەختە نابێ هۆڵێكی شانۆیی هەبێت .