سەردێر

“شەپۆلی دووەمی کۆرۆنا دوو مانگ دەخایەنێت”

سلێمانی – نزار جەزا
بەڕێوەبەری گشتی دەزگای تەندروستی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت، ئەم شەپۆلەی كۆرۆنا تاكو مانگی پێنج بەردەوامدەبێت و دواتر وردە وردە ڕێژەی تووشبوون كەمدەبێتەوە، بۆیە داواكارە هاووڵاتیان خۆپارێزی زیاتربكەن.

شەماڵ جەبار یاوەر بەڕێوەبەری گشتی دەزگای تەندروستی پێشمەرگە بۆ (خەڵك) وتی: دەمێكە دەڵێین خۆپارێزی نییە، داوامانكرد ڕێكارەكانی خۆپارێزی زانستییانەتربن، بەڵام هەندێك شت نەكرا، تێكەڵاوییەكی زۆر هەبووە، بۆیە ئێستاش ڕێژەكە بەرزبۆتەوە.

باسی لەئەوەشكرد، ئەم شەپۆلەی ڤایرۆسی گۆڕاو تاكو مانگی پێنج بەردەوامدەبێت، دواتر وردە وردە شەپۆلەكە دادەبەزێتەوە.

زیاتر ڕوونیكردەوە، ئێستا ڕێژەیەك لەڤاكسین گەیشتووە، ژمارەیەك خەڵك بەهۆی ڤاكسینەكەوە بەرگری پەیدادەكات، ئەوانەشی كە تووشبوون بەرگرییان هەیە و بەدەگمەن جارێكی دیكە تووشی ڤایرۆسەكە دەبنەوە، تەنها چەند كەیسێكی كەم هەیە تووشبووبنەوە.

دەشڵێت: جاری پێشوو چەندێك ڤایرۆسی كۆرۆنا مەترسیداربوو، ئێستاش هەر ئەوەندە مەترسیدارە، بەڵام تەنها ئەم كۆرۆنا نوێیە خێراتر بڵاودەبێتەوە.

وتیشی: ئێستا كەرتی تەندروستی لەگەڵ ئەم ڤایرۆسە ڕاهاتووە و دەزانێ چۆن مامەڵە بكات، واتە شۆكهێنەر نییە.

ئەوەشی خستەڕوو، دەمێكە پێشبینی ئەم شەپۆلەمان كردبوو، بەڵام ئەم دۆخەش تێدەپەڕێت، تاكو تێدەپەڕێت داواكارن هاووڵاتیان زیاتر خۆپارێزی بكەن و تێكەڵاوی كەمبكەنەوە، بۆئەوەی لانیكەم خێرایی بڵاوبوونەوە خاوبێتەوە.

ئاماژەی بەئەوەشدا، دەزگای تەندروستی پێشمەرگە لەمانگی ١١ی ساڵی ڕابردوو ئاشكرایكرد، كۆرۆنای گۆڕاو لەكوردستان هەیە، ئەوكاتە قسەوباسێكی زۆری لەسەركرا و وەزارەتی تەندروستیش ڕەتیكردەوە، بەڵام ئێستا هەر وەزارەتی تەندروستی خۆی دەڵێت: لەمانگی یانزەوە ڤایرۆسی گۆڕاو لەهەرێمی كوردستان هەیە.

ئاماژەی بەئەوەشدا، بەهۆی ئەوەی نەخۆشخانەكان توانای وەرگرتنی نەخۆشیان هەیە، تاكو ئێستا نەخۆشخانەی ئاسایان بەڕووی تووشبووانی كۆرۆنادا نەكردۆتەوە، بەڵام ئەگەر پێویستیكرد و ڕێژەی تووشبوون بەرزبووەوە، ئەوكاتە نەخۆشخانەی ئاسا دەكەنەوە، بەڵام پێویستی بەهاوكاری هەیە بۆدووبارە كارابوونەوەی، چونكە پێشتریش بەخۆبەخشی بەڕێوەیانبرد، و دەرمان و پێداویستی و هاوكاری بۆ ئاسا دابیننەكرا.

لەبارەی ئاستی ڕێكارەكانی حكومەتی هەرێم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا ناوبراو ڕوونیكردەوە، ئەو ڕێكارانەی كە حكومەتی هەرێم گرتوونیەتیەبەر نە زانستین نە وەك پێویستن، بۆنمونە دەكرێت هەندێك ڕێكار بگرێتەبەر كە خەڵكیش ماندوونەكرێت، لەلایەكی دیكەوە هاوڵاتییانیش وەك پێویست پابەندنین بە ڕێنماییە سادەكانەوە.

لەبارەی داخستنی دەرگای قوتابخانەكانەوە ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، یان هەموو شوێنەكان دابخرێت، یان بۆچی بەتەنها دەرگای قوتابخانەكان دادەخرێن؟! لەپێش نەورۆزەوە واتە زیاتر لە هەفتەیە دەرگای قوتابخانەكان داخراون، ئەم هەڵكشانەی ڕێژەی تووشبوونیش ئەنجامی ئەو ماوەیەیە كە قوتابخانە نەبووە، واتە شتێكی نامۆیە چێشتخانە و كافتریا و شوێنە گشتییەكان كراوەبن و قوتابخانەكان دابخرێن، ئەمەش لەڕووی زانستییەوە هیچ لێكدانەوەیەك هەڵناگرێت.

داواكارە، هاووڵاتیان تێكەڵاوی كەمبكەنەوە و لەم وەرزەشدا، كە وەرزی سەیرانە با خێزانەكان بەتەنها بچن بۆ سەیران، نەك بە تێكەڵی لەگەڵ كۆمەڵێك خێزان پێكەوە بڕۆن.