سەردێر

“خراپی” دۆخی كۆرۆنا لە سلێمانی ڕاگەیەنرا

خەڵك-
بەڕێوەبەری یەكێك لە نەخۆشخانەكانی تایبەت بە كۆرۆنا لە سلێمانی ئاشكرای دەكات، كە دۆخی کۆڕۆنا خراپە و دەشڵێت: “زۆربەی نەخۆشەكان باری تەندروستییان ناجێگیرە و دوو هەفتەی تر نابات نەخۆشخانەكان پڕدەبنەوە”.

د.داهات حەوێزی، پسپۆری هەناوی و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی جمهوری سلێمانی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك ڕایگەیاندووە، ڕۆژانە زیاتر لە ۱٥ نەخۆشی تازە داخل ئەکرێن لە نەخۆشخانەی جمهوری سلێمانی، باری تەندروستی زۆریان ناجێگیرە و پێویستیان بە چارەسەری دەرمان و ئۆکسجین هەیە.

دەشڵێت: “کار وا بڕوا ناگەینە ۲ هەفتەی تر نەخۆشخانەکان دیسان پڕ ئەبنەوە و جێگا نامێنێ”.

ئەو بەرپرسەی كەرتی تەندروستی داوا لە هاووڵاتیان دەكات، “تکایە خۆتان و خانەوادەکانتان بپارێزن و لەکاتی دەرکەوتنی نیشانەکانی کۆڕۆنا زوو سەردانی سەنتەرەکانی کۆرۆنا بکەن”.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە ئەمڕۆ د. سەباح نەسرەدین، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند، كە دۆخی كۆرۆنا لە سلێمانی گەیشتۆتە ئاستی مەترسیدار، بەڵام د. هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دۆخەكە لەژێر كۆنتڕۆڵە و دوو ۆڕۆژە هیچ كەسێك بە كۆرۆنا نەمردووە.