سەردێر

بۆ پێدانی مووچە بە پێشمەرگە، ئەمریكا لێكۆڵینەوە دەكات

خەڵك-

مووچەی لیواكانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە تاكو ئێستا دابەش نەكراوە و بەپێی وتەی چەند پەڕلەمانتارێك، هۆكاری دابەشنەكردنی مووچەكە دەگەڕێتەوە بۆ دەستوەردانی بەرپرسانی هەرێمی كوردستان لە بابەتەكە، بەشێوەیەك دەیانەوێت هێزە تایبەتەكانی خۆشیان بخەنەنێو لیستی لیواكان بۆ ئەوەی مووچەكانیان لەلایەن ئەمریكاوە پێبدرێت.

لەو بارەوە لیوا قارەمان شێخ كەمال، جێگری سەرۆك ئەركان بۆ ئۆپەراسیۆنەكان لە وەزارەتی پێشمەرگە سەرجەم ئەو دەنگۆیانەی بە ناڕاست لەقەڵەمدا و ڕایگەیاند، ئەمریكییەكان تەعامول لەگەڵ وەزارەت دەكەن، نەك كەسی دیكە.

ناوبراو بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئەو هێزەی بێتە نێو وەزارەتی پێشمەرگەوە هاوكارییەكان شمولی دەكات، ئەویش بە خێرایی نا، بۆ نمونە هەر هێزێك بێتەسەر وەزارەتی پێشمەرگە لە داهاتوودا، ڕاستەوخۆ مووچەی پێنادرێت، جگە لەوەی ئەمریكا ڕەزامەندی وەربگرێت بۆ ئەو هێزانە و پاشان مووچەیان بۆ دێت لەوانەیە دوو ساڵ یان زیاتری پێبچێت، چونكە هەموو فەرماندەكانی ئەو هێزانە هەنگاوی پێویستیان لەگەڵدا دەگیرێتەبەر و پێویستیان بە لێكۆڵینەوەی ئەمنی هەیە، ئەوكات بودجەكە زیاد بكرێت.

وتیشی، “هاوكارییەكانی ئەمریكا نەبڕاوە و بابەتەكە هونەرییە و سێ مووچە دەدرێت بە لیواكانی وەزارەتی پێشمەرگە”.