سەردێر

هەڵمەتی كوتان بە ڤاكسینی كۆرۆنا لە عیراق و هەرێم دەستپێدەكات

خەڵك-
هەردوو وەزیرانی تەندروستی عیراق و هەرێم ئامادەیی وەزارەتەكانیان بۆ دەستپێكردنی هەڵمەتی كوتانی هاووڵاتیان بە ڤاكسینی كۆرۆنا لە جۆری (ئەسترازینیكا) ڕاگەیاند و جەختیشدەكەنەوە، كە یەكەم بەشی ڤاكسینەكە لەڕێگەی (كۆفاكس)ەوە گەیشتووە و پزیشكێكی هەناویش زانیاری لەسەر ئەو جۆرە ڤاكسینە ئاشكرادەكات.

لە عیراق هەڵمەتی كوتان دەستی پێكرد
حەسەن تەمیمی، وەزیری تەندروستی عیراق لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، وەزارەتەكەی بەشی یەكەمی ڤاكسینی كۆرۆنا لە (كۆفاكس) وەرگرتووە، كە 336 هەزار ژەمە ڤاكسینە و پارەی تەواوی بۆ دابین كراوە.

ڕاشیگەیاندووە، ئەو ڤاكسینە بە یەكەم جۆری ڤاكسینی كاریگەر و باوەڕپێكراو لەلایەن ڕێكخراوی تەندروستی جیهانییەوە دادەنرێت.

دەشڵێت: “داوا لە هاوولاتیان دەكەین ئەوانەی دەیانەوێت خۆیان بكوتن لەڕێگەی پێگەی ئەلیكترۆنییەوە ناوی خۆیان تۆمار بكەن و زانیارییەكانیان بدەن و دواتر بە كورتە نامە لە مۆبایلەكانیانەوە ئاگادار دەكرێنەوە لە كات و شوێنی وەرگرتنی ژەمە ڤاكسینەكە و پێناسێكی تایبەتیان پێ‌ دەدرێت وەك بەڵگەی وەرگرتنی یەكەم ژەمی ڤاكسینەكە تاوەكو لە كاتەكانی داهاتوودا ژەمی دووەم وەربگرن”.

وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەشكردووە، بڕێكی زۆری دیكەی ڤاكسینەكە لە هەفتەكانی داهاتوودا دەگاتە عیراق، كە 20 ملیۆن ژەمە و لە (كۆفاكس) و كۆمپانیاكانی سینۆفارم-ی چینی و ڤایزەر-ی ئەمریكی كڕدراون و دەست بە دابەشكردنی دەكرێت بەسەر هەموو پارێزگاكانی وڵاتدا بە هەرێمی كوردستانیشەوە.

بەشێوەی ئەلیكترۆنی ناوی هاووڵاتیان بۆ وەرگرتنی ڤاكسینەكە تۆمار دەكرێت
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێم لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بڕی 43 هەزار و 800 ژەم ڤاكسینی كۆرۆنا لە جۆری (ئەسترازینیكا)یان بەدەست گەیشتووە و دەست بە كوتانی هاووڵاتیان دەكەن بەگوێرەی ئەولەویەت و ڕێزبەندی گرووپانی مەترسیدار.

وتیشی، “بە سیستەمێكی ئەلیكتڕۆنی تایبەت پڕۆسەی تۆماركردن و دابەشكردن دوای دەرچوونی ڕێگەپێدان و سەلامەتی بەكارهێنان دەست پێدەكات بەپێی دیاریكردنی كات و شوێن بۆ وەرگرتن و نۆرەی پێكوتەكە”.

چەند زانیارییەك دەربارەی ڤاكسینی ئەسترازینیكا
د. زانا ئەحمەد، پزیشكی پسپۆڕی هەناوی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك ڕایگەیاندووە، ئەم پێكوتەیە لەلایەن كۆمپانیای دەرمانسازیی (ئەسترازێنیكا) كە كۆمپانیایەكی بەریتانی-سوێدییە، بە هاوكاری زانكۆی (ئۆكسفۆڕد) دروست كراوە. پوختەی ئەو ڕێنماییانەی (ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی-WHO) لە پێگەی فەرمیی خۆی لەبارەی پێكوتەكە بڵاوی كردووەتەوە، ئەمەیە:

* كێ یەكەم جار وەری بگرێت؟
وا باشە سەرەتا پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی وەری بگرن، ئینجا كەسانی بەتەمەن -ئەوانەی تەمەنیان سەروو 65 ساڵە- پاشانیش ئەوانەی كە مەترسیی ئەوەیان لەسەرە نەخۆشییەكە بە توندی بگرن، كە بریتین لەو كەسانەی یەكێك یان زیاتر لەمانەیان هەیە (قەڵەوی، نەخۆشیی دڵ، نەخۆشییەكانی سینگ و هەناسە، شەكرە).

* ئایا ژنانی دووگیان یان شیردەر دەتوانن بەكاری بهێنن؟
ئەو ژنە دووگیانانەی، كە مەترسی زۆریان لەسەر نییە وا باشە وەری نەگرن، بەڵام ئەوانەیان كە كارمەندی تەندروستین وا باشترە وەری بگرن.
ئەو ژنانەی شیر دەدەن بە منداڵ دەتوانن وەری بگرن، پێویستیش ناكات دوای وەرگرتنی پێكوتەكە واز لە شیردان بە منداڵ بێنن.

* كێ وەری نەگرێت؟
كەسانی خوار تەمەن 18 ساڵ.

* ژەمەكانی وەرگرتنی چۆنە؟
بە دوو ژەم و لەڕێی ماسوولكەوە وەردەگیرێت، بە جۆرێك نێوانیان 8-12 هەفتە بێت.

* كاریگەرییەكەی چەندە؟
كاریگەریی بۆ ڕێگری لە تووشبوون 63%یە.

* ئایا كاریگەریی هەیە لەدژی جۆرە نوێ گۆڕاوەكانی ڤایرۆسی كۆڕۆنا؟
تا ڕاددەیەكی زۆر بەڵێ.

* ئایا دەبێتە جێگرەوەی ڕێكارەكانی خۆپارێزی؟
نەخێر، بۆیە دەبێت دوای وەرگرتنیشی، درێژە بە ڕێكارە خۆپارێزییەكان بدرێت وەك ماسك بەستن و دەست شوشتن و دوور كەوتنەوە لە قەرەباڵغی.