سەردێر

بەقاچاخهێنانی مەڕو ماڵات بۆ سلێمانی كەمیكردووە

خەڵك – نزار جەزا

بەپێی بەدواداچوونێكی مەیدانی، لەئێستادا مەیدانی ئاژەڵانی سلێمانی زۆرترین ئاژەڵی ناوخۆیی تێدایە و ڕێژەیەكی كەم لەئاژەڵی دەرەكی تێدا دەبینرێت.

پێشتر بەشێوەیەكی بەرچاو ئاژەڵی دەرەكی لەمەیدانی ئاژەڵان دەبینرا و كڕین و فرۆشتنی پێوەدەكرا، كەبەشێكی بەشێوەی قاچاخ دەهاتە سلێمانی، بەڵام لەئێستادا بەشێوەیەكی بەرچاو ئاژەڵی دەرەكی كەمیكردووە.

گفتوگۆمان لەگەڵ سێ كەس ئەنجامدا كە لەمەیدانی ئاژەڵان كاریان دەكرد، لەئەنجامی ئەو گفتوگۆیە دەركەوت، زۆرینەی ئاژەڵەكانیان ناوخۆیین، بەڵام ڕێژەیەكی كەم لەئاژەڵی دەرەكی لێیە، ئەویش پێشتر هاتووە و ئێستا ماوەتەوە یان ئەگەر بەڕێژەیەكی زۆر كەم بێت.

ئەوان جەخت لەوەدەكەنەوە، لەئێستادا پێویستە ڕێگری لەهێنانی ئاژەڵی دەرەكی بكرێت، بۆئەوەی خاوەن ئاژەڵەكەن لێرە زەرەرمەندنەبن.

ڕزگار حەمەد خدر جێگری بەڕێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانی بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، هێنانی ئاژەڵ لەوڵاتانەوە بۆ هەرێمی كوردستان بەپێی یاسا دەبێت بەشێوەی ڕێگەپێدانبێت، نەك بەڕێگەی قاچاخ و نایاسایی بێت.

ئاماژەی بەئەوەشدا، بڕیاری ژمارە 1ی ساڵی ٢٠٢٠هەیە، كە تایبەتە بەهێنانی ئاژەڵ لەڕێگەی فڕۆكەخانەوە یان لەو وڵاتانەی كە نەخۆشی تێدانییە، لەژێر ڕێنمایی ئەم بڕیارەدا و بەپێی پێویستی ناوخۆ كۆمپانیاكان دەتوانن مۆڵەت وەربگرن، كە چەندێك پێویستە ئاژەڵ بهێنن و دواتر كەرەنتینەی ڤێتێرنەری بۆ دەكرێت.

باسی لەئەوەشكرد، پێشتر بەقاچاخ بەنایاسایی مەڕوماڵات دەهاتە ناوخۆوە، ئێستا ئەم قاچاخییە قەدەغەكراوە.

ئەوەشی خستەڕوو، ئێستا ئاژەڵێكی زۆر بەتایبەت ئاژەڵی ووردە زۆرە و بەشی ناوخۆ دەكات، بۆیە پێویستە بۆ پارێزگاریكردن لەبەرهەمی ناوخۆ، ڕێگریبكرێت لەبەقاچاخهێنانی ئاژەڵ بەشێوەی نایاسایی.

ئاماژەی بەئەوەشدا، ئێستا وەرزی بەبازاڕكردنی مەڕوماڵاتە و نزیكی مانگی ڕەمەزانە و دۆخی هاووڵاتی باشتربووە و مووچە لەكاتی خۆیدا دابەشدەكرێت، بۆیە خواست لەسەر گۆشتی سوور زیاددەكات، ئەم خواستە نرخی ئاژەڵ دیاریدەكات.

پێشتر قسەوباسێكی زۆر لەسەر بەقاچاخهێنانی ئاژەڵ دەكرا، بەڵام لەئێستادا ڕێژەی ئەو قاچاخییە كەمبووەتەوە و بەمەیدانی ئاژەڵاندا دەبینرێت، كەڕێژەی ئاژەڵی دەرەكی كەمبووەتەوە، هەروەك یەكێك لەو كەسانەی لەمەیدانی ئاژەڵان ئاژەڵی سەردەبڕی وتی”دوای ناڕەزایەتییەكی زۆری خاوەن ئاژەڵەكانی ناوخۆ، كە بەهۆی بەقاچاخییەوە زیانێكی زۆریان بەركەوتبوو، حكومەتی هەرێم كەوتەخۆی و ئەم قاچاخییەی كەمكردەوە، بەجۆرێك لەوانەیە لەسەدا ١٠ ئەگەر مابێت.
مەیدانی ئاژەڵان، شوێنێكی سەرەكییە بۆ كڕین و فرۆشتنی مەڕوماڵات، كە لەگەڵ هاتنی وەرزی گەشت و سەیران خواست لەسەر گۆشتی سوور زیاددەبێت و كڕین و فرۆشتن لەم مەیدانە زیاددەكات.