سەردێر

حكومەت زانیاری لەسەر دابەشكردنی بەشەخۆراكی دوو مانگ بڵاودەكاتەوە

خەڵك-
ڕاوێژكاری ئابووری سەرۆك وەزیرانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، حكومەت سوورە لەسەر باشكردنی ماددەكانی ناو بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتیان و وەزارەتی بازرگانی-ش ئاشكرای دەكات، بەشەخۆراكی دوو مانگ و ئاردی سفر دەدرێت بە هاووڵاتیان.

مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عیراق لە لێدوانێكی بۆ میدیا عیراقیەكان ئاماژەی بەوەكردووە، بودجەی گشتی چەند بەرنامەیەكی بۆ خەڵكانی هەژار و كەمدەرامەت لەخۆگرتووە، كە یەكێك لەوانە باشكردنی بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتیان و زیادكردنی بڕی دابەشكردنەكەیەتی و بۆ ئەوەش حكومەت سوورە لەسەر باشكردنی ماددەكانی بەشەخۆراك تاوەكو لەڕێگەیەوە چارەسەری هەژاری بكرێت.

ڕاشیگەیاندووە، بە پەسەند كردنی بودجە ڕێژەی هەژاری كەم دەبێتەوە، چونكە چەندین بەرنامەی بۆ هەلی كاری گەنجان و وەبەرهێنانی نوێ‌ و تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی تێدایە، بۆیە هەر دواكەوتنێك لە بودجە كاریگەری لەسەر ژیانی هاووڵاتیان و بازاڕیش دەبێت.

لای خۆشیەوە، وەزارەتی بارزگانی عیراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بەشەخۆراكی مانگی ڕەمەزان ئامادەیە و لەگەڵ چوونە ناو ئەو مانگە پیرۆزە دەست بە دابەشكردنی دەكرێت.

ڕاشیگەیاندووە، هەر لەگەڵ ئەو بەشەخۆراكەی مانگە ڕەمەزان، كە بەشە ئاردی سفریشی تێدایە، لەپێش ڕەمەزاندا بەشەخۆراكێكی دیكە بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەكرێت.

جەختیشی كردۆتەوە، بەهۆی كاریگەرییەكانی بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار نرخی خۆراك و كاڵاكان بەرزبوونەتەوە، بۆیە حكومەت دەیەوێت لەڕێگەی دابەشكردن و خستەبەردەستی ماددەكانی بەشەخۆراك كۆنتڕۆڵی نرخ بكات و نرخەكان بەرزنەبنەوە.