سەردێر

بڕیار لە پێدانی مووچەی لیواكانی وەزارەتی پێشمەرگە دەدرێت

خەڵك-

جێگری سەرۆك ئەركان بۆ ئۆپەراسیۆنەكان لە وەزارەتی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت، داوامان لە حكومەت كردووە مووچەیەك بێ لێبڕین بداتە لیواكانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە.

هەرچەندە بڕیار بوو، دوو مانگ لەمەوپێش سێ مووچە بەسەر چەند لیوایەكی وەزارەتی پێشمەرگەدا دابەش بكرێت، بەڵام تاكو ئێستا هیچ مووچەیەكیان وەرنەگرتووە و بەپێی زانیارییەكانیش، كێشەی هونەری لە دابەشكرنی مووچەكەدا هەیە.

لیوا قارەمان شێخ كەمال، جێگری سەرۆك ئەركان بۆ ئۆپەراسیۆنەكان لە وەزارەتی پێشمەرگە بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، حكومەت مانگانە مووچەی فەرمانبەران دابەش دەكات، بەڵام مووچەی لیواكان جیاوازە و وەزارەتی پێشمەرگە لە هەوڵی ئەوەدایە لەگەڵ ئەمریكییەكان و حكومەت گفتوگۆ بكات بۆ چارەسەركردنی كێشەكە.

ئاشكراشیكرد، وەزیری پێشمەرگە داوای لە حكومەتی هەرێم كردووە مووچەیەك بدرێت بەو لیوایانەی، كە هاوكارییەكانیان پێنەگەیشتووە بەشێوەی قەرز، تا ئەوكاتەی هاوكاریەكانمان پێدەگات و دەیگێڕێتەوە.

ڕوونیشیكردەوە، داواكارییەكەی وەزارەت گەیشتۆتە حكومەت و چاوەڕێی حكومەت دەكەین بانكەكان ڕابسپێرێت بۆ پێدانی ئەو مووچەیە، چاوەڕێ دەكەین سبەی یەك شەمە بزانین ئەو مووچەیە دەدرێت بە وەزارەت یاخود نا.

جەختی لەوەشكردەوە، هۆكاری دابەشنەكردنی مووچەكە هونەرییە، چونكە ئەمریكییەكان لەسەر بەڵێنی خۆیان سوورن، كە هاوكارییەكان بگەیەنن و نەبڕاوە، بەڵام پێشتر دەچووە سەر حسابی وەزارەتی دارایی، بەڵام ئێستا دەچێتەسەر حسابی وەزارەتی پێشمەرگە.

ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، وەزیری پێشمەرگە بە بەردەوامی لە پەیوەندیدایە لەگەڵ ئەمریكییەكان بۆ ئەوەی هاوكارییەكان بگاتە دەستیان.