سەردێر

كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانی بە هاووڵاتیان ڕاگەیەنرا

خەڵك-
وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم ئاشكرای دەكات، كە لە پشووەكانی نەورۆز و بەهاردا زیاتر لە 19 كاتژمێر كارەبا بە هاووڵاتیان دراوە و ئاشكرای دەكات، بەرهەمهێنانی كارەبا 3400 مێگاوات بووە.

بەڕێوەبەرایەتی كۆنترۆڵی كارەبای هەرێم لە ڕوونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە ماوەی یەك هەفتەی ڕابردوودا وەزارەتی كارەبا توانی بە سەركەوتووانە ئەو بەرنامەیەی ڕایگەیاندبوو جێبەجێی بكات و بەتێكڕا لەسەرووی 19 كاتژمێرەوە كارەبا بدات.

ڕوونكردنەوەیەك لە بەڕێوەبەرایەتی كۆنترۆڵی كارەبای هەرێمەوە
لەجەژنی نەورۆز و پشووەكاندا بەسەركەوتوویی بەرنامەی وەزارەتی كارەبا جێبەجێكرا و بەتێكڕا رۆژانە لەسەرووی 19 كاتژمێرەوە كارەبا بەهاوڵاتیان درا .
هەروەكو لە پەیامی جەژنی نەورۆزدا وەزارەتی كارەبا بە هاوڵاتیانی خۆشەویست راگەیاند؛ كە لە جەژنی نەورۆز و پشووەكانی سەری ساڵی نوێی 2721 كوردی بە پشت بەستن بەبەرهەمهێنانی 3400 مێگاوات كارەبا و لەرێگەی 7000 فەرمانبەری ئیشكگرەوە 18 كاتژمێر كارەبا بەهاوڵاتیان دەدەین، لە ماوەی یەك هەفتەی رابردوودا وەزارەتی كارەبا توانی بە سەركەوتووانە ئەو بەرنامەیەی كە رایگەیاندبوو جێبەجێی بكات و بەتێكڕا لەسەرووی 19 كاتژمێرەوە كارەبا بدات و بەشێوەیەكی رێكوپێك بەسەر پارێزگاگانی كوردستاندا دابەشی بكات ، هاوكات تیمەكانی كۆنترۆڵی كارەبا بەپاڵپشتی و هاوكاریی تیمەكانی وێستگەكان و كرێكارانی سیانەكان 24 كاتژمێر لەخزمەتی هاوڵاتیاندا بوون.