سەردێر

چەند فەتوایەك لەبارەی ڕۆژووی ڕەمەزان ڕاگەیەنرا

خەڵك-

ماوەی كەمتر لە مانگێك ماوە بۆ مانگی ڕەمەزانی پیرۆز و نووسینگەی عەلی سیستانی، گەورە مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق، هەڵوێستی خۆی لەبارەی گرتنی ڕۆژوی مانگی ڕەمەزان لەكاتی هاتنی شەپۆلی كۆرۆنا ڕادەگەیەنێت.

لە وەڵامی پرسیارێك، كە لە مەرجەكە كراوە سەبارەت بە گرتنی ڕۆژووی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان لەكاتی تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی كۆرۆنا، نووسینگەی عەلی سیستانی لە نووسراوێكدا ڕایدەگەیەنێت، ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان لە گرنگترین واجباتە شەرعییەكانە و بەهیچ شێوەیەك نابێت وازیلێبهێنرێت، مەگەر ئەوەی بیانوویەكی ڕاستەقینە بوونی هەبێت.

وتوشیەتی، “ئەگەر كەسێك بەهۆی ئامۆژگاری پزیشكییەوە ڕۆژووی نەگرت بەهۆی نەخۆشییەوە و ترسی لەوە هەبوو گرتنی ڕۆژوو كاریگەری مەترسیداری بۆسەر ژیانی دەبێت، دەتوانێت ڕۆژوو نەگرێت، بەڵام پێویستە دواتر بیگرێتەوە، ئەمەش لەكاتێكدایە، ئەو كەسە نەتوانێت ڕێنماییەكان جێبەجێ بكات، بۆ نمونە بەستنی ماسك و دەستكێش و مانەوە لە ماڵەوە و تێكەڵنەبوون بە خەڵكانی تر”.

ئاشكراشیكرد، ئەگەر كەسێك دەترسا لەوەی بچێتەسەر كارەكەی بەهۆی تێكەڵبوونی بە خەڵكانی تر، بۆ گرتنی ڕۆژوەكەی دەبێـت واز لە كارەكەی بهێنێت لە مانگی ڕەمەزان، بەڵام ئەگەر نەیتوانی واز لە كارەكەی بهێنێت بە هەر هۆیەك بێت، دەتوانێت بەڕۆژوو نەبێت، بەڵام دەبێت لەماوەی ئەو ساڵەدا و تاكو ڕەمەزانی داهاتوو ڕۆژووەكەی بگرێتەوە.