سەردێر

لە سلێمانی دواین بڕیار بۆ كەرەنتینە و قەدەغەی هاتووچۆ ئاشكراكرا

خەڵك-
پارێزگاری سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، لەگەڵ داخستنی هیچ سێكتەرێكدانین و دەشڵێت: “دۆخی كۆرۆنا لە سلێمانی لەژێر كۆنتڕۆڵدایە و دوو ڕۆژە هیچ كەسێك نەمردووە و كەس لەژێر ئامێری هەناسەدانی دەستكرد نییە”.

د.هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەكرد، وەک پارێزگای سلێمانی و دامودەزگاکانی سەر بەم پارێزگایە دەبێت تێگەیشتنێکی نوێمان بۆ ڤایرۆسەکە هەبێت و ڕێکارەکانی خۆپارێزی بگرینەبەر، بەڵام بەشێوەیەک زیان بە سیستەمی گشتی و بارودۆخ و داهاتی تاک نەگەیەنێت و پێویستە هاووڵاتیان لەسەر خۆپارێزی بەردەوام بن.

ڕاشیگەیاند، لەگەڵ داخستنی هیچ سێكتەرێكدانین و دەبێت سَكتەرەكان بە خۆپارێزییەوە كراوەبن، چونكە دۆخی كۆرۆنا لە ژێر كۆنتڕۆڵدایە و لە دوو ڕۆژی رابردوودا هیچ كەس بە كۆرۆنا لە سلێمانی گیانی لەدەست نەداوە و هیچ كەسێكیش لە نەخۆشخانەكان لەژێر ئامێری هەناسەدانی دەستكرد نییە.

ئاشكراشی كرد، لە ئایندەیەكی نزیكدا لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا كۆدەبێتەوە و هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەكە دەكات و بڕیاری نوێ دەدات.