سەردێر

بایكۆتی پەڕلەمان بەهۆی نرخی دۆلارەوە دەستی پێكرد

خەڵك-
یەكەم كوتلەی پەڕلەمانی بڕیاری بایكۆتی كۆبوونەوەی پەڕلەمانی عیراقی دا بەهۆی دانەبەزاندنی نرخی دۆلار و هاوكات ژمارەیەك كوتلەی دیكەش هەڕەشەی دەنگنەدان بە بودجە دەكەن.

ئه‌حمه‌د مه‌دلول جه‌ربا ،سه‌رۆكی كوتلەی پڕۆژه‌ی عه‌ره‌بی له‌ پەڕلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، كوتلەكەمان ده‌نگ له‌سه‌ر په‌سندكردنی بودجه‌ نادات، ئه‌گه‌ر نرخی دۆلارێك نه‌كرێته‌ هه‌زار و 250 دینار و پێشتریش هەمان هەڵوێستمان ڕاگەیاندووە.

پێشتریش، كوتلەی فەتحی پەڕلەمان، كە لەلایەن هادی عامرییەوە سەرۆكایەتی دەكرێت لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەیان بەوەكردووە، دەنگ بە پڕۆژە یاسای بودجە نادەن ئەگەر بەهای دۆلار بۆ نزیكەی 130 هەزار دینار كەم نەكرێتەوە و هاوكات كوتلەی دەوڵەتی یاسا، كە لەلایەن نوری مالكییەوە سەرۆكایەتی دەكرێت دژایەتی بۆ بەرزی نرخی دۆلار ڕاگەیاندووە.

ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌ڕله‌مانی عێراق بەرنامەی كاری كۆبوونەوەی ڕۆژی یەك شەممەی بڵاوكردۆتەوە، كە تایبەتە بە دەنگادن لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021، كە لە 58 ماددە پێكهاتووە.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە بڕیاربوو ئەمڕۆ شەممە كۆبوونەوەی پەڕلەمان بكرێت بۆ دەنگدان بە بودجە، بەڵام سەرۆكایەتی پەڕلەەمانی عیراق كۆبوونەوەكەی دواخست به‌مه‌به‌ستی ده‌رفه‌تدان به‌لیژنه‌ی دارایی و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێك بۆ ئه‌و بڕگه‌ و ماددانه‌ی ناكۆكیان له‌سه‌ره‌.