سەردێر

شەپۆلێكی سەرما هەرێم دەگرێتەوە و بەفر دەبارێت

خەڵك-
بەپێی پێشبینییە كەشناسییەكان، بەهۆی هەڵكردنی بارستە هەوایەكی سارد بۆ ناوچەكانی هەرێم پلەكانی گەرما دادەبەزن و ئەگەری بارینی بەفر لەناوچە شاخاوییەكان هەیە.

بەپێی ڕاپۆرتێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم، “ئەمڕۆ شەممە ئاسمان لەنێوان نیمچە هەور و هەور دەبێت، لەگەڵ دابارینی نمە بارانی پچڕ پچڕ لە ناوچە جیاجیاكاندا، هەروەها بەفرێكی كەم لە هەندێك ناوچە بەتایبەتی ناوچە شاخاوی و سنوورییەكان”.

لای خۆشیەوە، محەمەد كەمال، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، لە ئەمڕۆوە شەممە بارستە هەوایەكی نیمچە سارد لەباكوورەوە شۆڕ دەبێتەوە بۆ باشووری كوردستان و پلەكانی گەرماش 5 بۆ 6 پلە نزم دەبنەوە.

ڕاشیگەیاند، پێشبینی دەكەین لەئەمڕۆوە ٢٠٢١/٣/٢٧ پلەی گەرما نزم ببنەوە و بۆ ماوەی چەند ڕۆژیكیش بەردەوام دەبێت، لەشەودا لەهەندێك شوێن چەند پلەیەكیش دەچێتە ژێر سفری سەدییەوە.

ئەو شارەزایەی كەشناسی داوا لە هاووڵاتیان دەكات، “خۆیان گەرم دابپۆشن و شتی گەرم بخۆنەوە بۆ ئەوەی دووربن لەهەموو پەتایەكی وەرزی، چونكە دابەزینی پلەی گەرما بەشیوەیەكی خێرا و لەگەرما بۆ سەرما كاریگەری نەرێنی دروست دەكات لەسەر تەندروستیتان”.