سەردێر

ئۆجەلان: توركیا یارییەكی هەڵە و مەترسیدار دەكات

خەڵك

دوای ئەوەی ڕۆژی پێنج شەممە محەمەد ئۆجەلان، برای عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)، لەلایەن داواكاری گشتیی ڕۆحاوە، بانگهێشت كرا بۆئەوەی پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ ئۆجەلان ئەنجام بدات، ئەمڕۆ محەمەد ئۆجەلان ڕایگەیاند: عەبدوڵا ئۆجەلان لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەیدا وتویەتی، دەوڵەتی توركیا یارییەكی هەڵە و مەترسیدار دەكات.

محەمەد ئۆجەلان لەبارەی ناوەڕۆكی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەوە بە ئاژانسی میزۆپۆتامیای ڕاگەیاندووە: براكەم وتی، هەم تۆ هەڵەی هەمیش دەوڵەت، هۆكارەكەشی ئەوەیە، ساڵێكە هیچ دیدارێك نەكراوە، ئەمە لە یاسای دەوڵەت و هیچ یاسایەكی تریش جێگەی نابێتەوە، ئەگەر دیدارێك بكرێت پێویستە لە چوارچێوەی یاسا بێت، نابێت بە دڵی خۆیان و دوای ساڵێك دیدارێك بە تەلەفۆن ڕێكبخەن.

وتیشی، ئۆجەلان ئاماژەی بەوەشەداوە، دەیەوێت پارێزەرانی بچنە دوورگەی ئیمراڵی و دیداری لەگەڵدا بكەن، ئەمە شتێكی یاساییە، 22 ساڵە لەوێیە، ئەگەر كێشەیەك بێتە پێش چۆن دەبێت؟ ئەم كێشەیە تەنیا لە ڕێگەی یاساوە چارەسەر دەكرێت، ئەگەر چاوپێكەوتنێك بێت دەبێت لەگەڵ پارێزەران بێت، چونكە ئەم دۆخە هەم سیاسییە هەمیش یاساییە”.

هەر بە وتەی محەمەد ئۆجەلان، دوای ئەوەی عەبدوڵا ئۆجەلان جەختی لە نایاسایی بوونی مامەڵەی بەرپرسانی توركیا و ڕێگرییكردن لە دیداری لەگەڵ پارێزەرانی كردووەتەوە، پەیوەندییەكە پچڕاوە.

جێی ئاماژەیە، زیاتر لە ساڵێكە هیچ دیدارێك لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان ئەنجامنەدراوە و لە ماوەی ڕابردووشدا دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی مردنەكەی پارێزەرانی داوایان كردبوو لە نزیكەوە چاویان بە بریگرتەكەیان بكەوێت.