سەردێر

یەكێتی زانایان، داوایەك ئاڕاستەی لایەنە سیاسییەكان دەكات

خەڵك-

سەرۆكی یەكێتی زانایان ڕایدەگەیەنێت، گرنگە لایەنە سیاسیەكان ئەم بەهارە بكەنە بەهاری ئاشتی.

عەبدوڵڵا وەیسی سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان لە پەیامێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، هیواخوازم لایەنە سیاسییەكان بەهاری ئەمساڵ بەهاری ئاشتی و ئاشتبوونەوە و یەكخستنەوەی نێو ماڵی كورد بێت، بەتایبەت ئەم قۆناغەی گەلەكەمان پێی تێپەڕ دەبێت وا دەخوازێ هەمووان لەپێناو ئامانجی گشتی و نەتەوەیی تێبكۆشین و بەرژەوەندی باڵای كوردستان لەبەرچاو بگرین.
دەشڵێت”سەرۆكی هەرێم لە دوا پەیامی بە بۆنەی نەورۆز دەستپێشخەریەكی گرنگی وروژاند بەوەی دوای نەورۆز بانگهێشتی سەرجەم لایەنەكان دەكات بۆ كۆبوونەوەیەكی تایبەت، ئەو هەنگاوە دڵخۆشكەرو ئومێدبەخشە بۆ ئێستای گەلەكەمان، چونكە دەمێكە خەڵكی كوردستان چاوەڕوانی هەنگاوی لەم جۆرەیە”.

ئاشكراشیدەكات، بەپێی ئەزموون وەرگرتن لە ڕووداوەكانی ڕابردوو وە بەهەموو پێوەرو شرۆڤەكان دەركەوتووە خاڵی بەهێزی كورد لە یەكبوون و یەكهەڵوێستی و تەبایی نێوماڵی خۆی بووە، ئەمەش وا دەخوازێت هەمووان هیممەتی بۆ بكەن.

جەخت لەوەش دەكاتەوە، دەخوازم سەرجەم لایەنە سیاسیەكان لە سۆنگەی بەرپرسیارێتی و لەبەرچاوگرتنی ئامانجی نیشتمانی بە ستراتیژو هەنگاوی ئاشتیانە لێكنزیك ببنەوە و ئەجێندای تەسك و حزبی و تایبەتی وەلاوەبنێن و بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی لەبەرچاو بگرن.