سەردێر

بە گومانەوە لە ڕێكەوتنی ئەنەكەسە و پەیەدە دەڕوانرێت

خەڵك-

بەرپرسی لقی دانیماركی پارتی دیموكراتی كوردستانی سوریا ڕایدەگەیەنێت، دڵنیام لەوەی گفتوگۆ كوردییەكانی كوردستانی سوریا بۆ ماوەیەكیش بووبێت لە ژێر گوشارەكانی ئەمریكا بەردەوامیی پێبدەدرێت، بەڵام دڵنیانیم ڕێككەوتنێكی ڕاستەقینە لە نێوان لایەنەكان دەستەبەر ببێت.

یوسف سولەیمان بەرپرسی لقی دانیماركی پارتی دیموكراتی كوردستانی سوریا لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بێگومان هاووڵاتییانی كورد و بەتایبەت كوردەكانی سوریا ئەگەرچی بە وریایییەوە بووبێت بە هیوا و گەشبینییەوە چاوەڕوانی ئەنجامی گفتوگۆی نێوان ئەنەكەسە و پارتەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی سوریان كە تا ئەمڕۆ پێشكەوتنی باشیان بووە.

وتیشی”دەستپێكردنی دانوستانی نێوان دوو لایەنەكە و ڕێككەوتن لەسەر دوورنواڕی سیاسی و كۆدەنگیی نێوان ڕوانگەكان بۆ پێكهێنانی مەرجەعی كوردی و بابەتی دیكە چەند خاڵێكی گرنگی ئەنجامی دانوستانەكانن، بەو حاڵەشەوە هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا و كشانەوەی نوێنەرانی ئەمریكا لە دانوستانی كوردی-كوردی تا پێكهێنانی دەوڵەتی نوێ لەو وڵاتە و دیكەی بابەتە لۆجستییەكان وایكرد دانیشتن و گفتوگۆی زیاتر لە نێوان دوو ڕەوتە كوردییەكە دوابكەوێت”.

ڕوونیشیكردەوە، دەستپێكردنەوەی گەڕی نوێی دانوستانەكان چەند ڕووداوێك هاتەئاراوە كە بووەهۆی دواخستنی دانوستانەكان، بۆ نمونە لێدوانی نابەرپرسانەی ئاڵدار خەلیل سەرۆكی لیژنەی بەڕێوەبەرایەتیی PYNK لەبارەی پێشمەرگەی ڕۆژ كە ئەو هێزانەی بە بەكرێگیراوی توركیا تۆمەتبار كردبوو، هۆكاری سەرەكیی دواخستنی گفتوگۆكان بوو و لە بەرامبەردا ئەنەكەسە داوای لە ئاڵدار خەلیل كرد كە داوای لێبوردن لە هاووڵاتییانی كورد و ئەنجومەنی نیشتمانیی كوردی سوریا بكات.

ئاشكراشیكرد، PYNK تەنها ڕۆڵی لینكێكی سیاسی بۆ PYD دەگێڕێت و پەیەدەش لینكی پەكەكەیە، فەلسەفەی سیاسەتی پەكەكە لە سوریا تۆتالیتەر و تاك لایەنە و دیكتاتۆرییەتە و بەشداریپێكردنی ستراتیژییانە قبوڵ ناكات.