سەردێر

وەزیری تەندروستی: لەڕێگای ئۆنلاینەوە دەتوانرێت داوای ڤاكسین بكرێت

خەڵك-ئارام سەردار

شەوی ڕابردوو زیاتر لە ٤٣ هەزار ژەمی ڤاكسینی تر گەیشتە هەرێمی كوردستان و لەبەیانیەوە دەستدەكرێت بەبەكارهێنانی.

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێم لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەو ڤاكسینەی گەیشتووە هی كۆمپانیای ئەسترا زێنكایە، بڕی ٤٣ هەزار و ٨٠٠ ژەم دەبێت ئەمەش یەكەم كاروان نیە كاروانی تریش دێت هی كۆمپانیاكانی تریش.

دەشڵێت”بڕیارە سبەی ڕێگەپێدان و سەلامەتی بەكارهێنانی بۆ دەربچێت و جەختیش دەكاتەوە لەوەی ڤاكسینەكە ڕێگەپێدراوە و هیچ كێشەیەكی نیە، بەپێی ئەولەویەت و ئەو ڕیزبەندەی دانراوە بۆ چین و توێژەكان بەكاریدێنن، لەداهاتووشدا هاووڵاتیان لەڕێگای ئۆنلاین دەتوانن خۆیان تۆماربكەن بەشێوەیەكی ئارەزوومەندانە بۆئەوی ڤاكسین وەربگرن، بۆ ئەمەش ڕێنمایی تەندروستی هەیە دواتر بڵاویدەكەنەوە”.

وەزیری تەندروستی وتیشی”بەداخەوە لە ٢٤ كاتژمێری ڕابردوو ٧٢٥ حاڵەتی نوێ تۆماركراو، لەگەڵ ٥حاڵەتی مردن، بۆیە داوا لە هاووڵاتیان دەكەین خۆیان بپارێزن، چونكە خەریكە نەخۆشخانەكان پڕدەبن، چاوەڕوانی كۆبوونەوەی لیژنەی باڵاش دەكەن بۆ هەر بڕیارێكی نوێ”.