سەردێر

كاریگەرییەكانی ڕاگرتنی خوێندن بەهۆی كۆرۆناوە ئاشكرا دەكرێت

خەڵك-

مامۆستایەكی زانكۆ ڕایدەگەیەنێت، كاریگەری ڕاگرتنی پڕۆسەی خوێندن بەهۆی كۆرۆناوە بەجۆرێك ئاستی زانستی خوێندكاری دابەزاندووە هەرگیز خوێندكارمان لەپۆلی دوانزەوە بەو لاوازییەوە بۆ نەهاتووە بۆ زانكۆ.

مامۆستا حسێن ڕابی مامۆستا لەزانكۆی سلێمانی بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند، كاریگەریەكە زۆر زۆر خراپە، زۆرترین خراپیەكەش لەپەروەردەوە دێت، واتە ئەو خوێندكارانەی ئەمساڵ لەزانكۆ وەرگیراون و ئێستا دەخوێنن پاشخانێكی زانستی زۆر لاوازیان هەیە بۆ بوارەكانی ئێمە بەتایبەتی كەبوارە زانستیەكانە، هۆكارەكەشی ئەوەیە كەپڕۆگرامەكە كراوە بەقوربانی كۆرۆنا، مەنهەجەكەیان وەكو پێویست نەوتراوەتەوە كەدێتە زانكۆ، چونكە پڕۆگرامی زانكۆ بەشێوازێك داڕێژراوە تاڕادەیەكی زۆر بەندە بەو خوێندنەوە كە لەئامادەیی بەتایبەت لەپۆلی 12دا خوێندوویەتی.

وتیشی”بەشێكی زۆری خوێندكارەكانمان تووشی شۆك بوون كە لەوانەیە زیانەكانی دواتر دەربكەوێت”.

سەبارەت بە چارەسەری دۆخەكە ناوبراو ڕایگەیاند، ئێمە لەبارودۆخێكی قورسداین، بارودۆخی قورس ڕێگەی سادەی نییە بارودۆخێكی قورس و ئاڵۆز، ڕێگەكەشی قورس و ئاڵۆزە بۆ دەربازكردنی، بەڵام ئەوەی لەكەرتەكانی پەروەردە و خوێندنی باڵا گرتویانەتەبەر ڕێگەیەكی زۆر سادەیە بۆ دەربازكردنی بارودۆخێكی یەكجار قورس، ڕێگە سادەكەش ئەوەیە كە دەرگای قوتابخانەكان و دەرگای كۆلێژەكان دادەخەن یان پڕۆگرام كەمدەكەنەوە بەم ڕێگایانە ئێمە ئەم بارودۆخە بەسەلامەتی دەرباز ناكەین، بێگومان تەندروستی خوێندكارەكان گرنگە، بەڵام ئەمە بەمانای ئەوە نییە هەمووشتێك بكەین بەقوربانی تەندروستی.
ئاشكراشیكرد، پێویستە بەركەوتن كەمبكرێتەوە، واتە كۆرۆنا ئەوەیە كەبەركەوتنی مرۆڤەكان لەگەڵ یەكتری كەمبكرێتەوە، دەكرێت لەگەڵ كەمكردنەوەی بەركەوتنی مرۆڤەكان سیستەمەكە بەشێوازێك كاربكات كە بتوانرێت پڕۆگرامی پێویست بەخوێندكارەكان بدرێت، هەم هەڵسەنگاندنی دروست بكرێت و ئاستەكانیان دیاری بكرێت.

سەبارەت بە خوێندنی ئۆنلاین و نەبوونی ئینتەرنێت لەلایەن هەموو كەسێكەوە، ڕوونیكردەوە، ئەمە بۆ خۆدزینەوەیە لەئەنجامدانی ئەو ئەركەی كەلەسەرشانیانە چ ئیدارەبێت چ مامۆستابێت چ خوێندكاربێت، كوردستان بەگشتی بارودۆخی باشە ژێرخانی ئینتەرنێت هەیە، بەڵێ دروستە لەوانەیە هەندێك خوێندكار ئەو توانایەیان نەبێت، بەڵام دەبێت ئەوانە بناسرێنەوە، خوێندكارەكانی تر دەیانناسن یارمەتی بدرێن، بۆنموونە لەپارێزگای سلێمانی بەپێی ئاماری خودی عێراق 2% ی هەژارە، 98% ی هەژار نییە بابڵێین 10% ش بێت واتە 90% ی خەڵك ئەو توانایەی كە لەجیهانی ئەمڕۆدا لەهەرشوێنێك هەیە لەبەردەستیاندایە، بەڵێ دەكرێت خوێندنی ئەلكترۆنی بەهێزتر بكرێت لەهەمانكاتدا دەكرێت لەخوێندنی ناوپۆلەكانی زانكۆش كاریگەرتربێت.

جەختی لەوەش كردەوە، بەهیچ شێوەیەك تاقیكردنەوەكان ناكرێت بەئۆنلاین بكرێت، تاقیكردنەوە دەبێت بەشێوازی ئامادەیی ناو هۆڵەكانی خوێندن بێت ئەمانە هەمووی دەكرێت بەم توانایانەی لەكوردستان هەیە ئەنجام بدرێت بەمەرجێك ئەو ئیرادەیە هەبێت بزانرێت ئەو كەسانەی كەكاربەدەستی ئەم وڵاتەن تێبگەن داهاتووی نەوەكانی ئەم میللەتە لەهەموو شتێك گرنگترە.