سەردێر

لە شەنگال، هۆشداری ڕووبەڕووبوونەوەی چەكداری دەدرێت

خەڵك-

ئەمینداری گشتی ئەسائیبی ئەهلی حەق ڕایدەگەیەنێت، ڕێكەوتنەكەی نێوان حكومەتی فیدڕاڵ و حكومەتی هەرێم لەسەر شەنگالەوە خیانەتە و پێویستە ڕابگیرێت.

قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەق لە تویتێكدا لە هەژماری خۆی بڵاویكردەوە، بەداخێكی زۆرەوە ڕێكەوتنی شەنگال گرێبەستێكی سیاسییە بۆ هەڵبژاردنەكان لەسەر بەرژەوەندی ئێزیدیەكان.
وتیشی”بەردەوامی ئەو گرێبەستەش بە واتای گەڕانەوەی شەنگالە بۆ ئەو دۆخەی پێشتر تێیكەوتبوو، لەكاتێكدا ڕۆڵەكانیان لە هێزە ئەمنیەكان و بەسەركردایەتی حەشدی شەعبی خوێنێكی زۆریان ڕشت تا ئازادیان كردەوە”.

ئاشكراشیكرد، دەبێت ڕێكەوتنەكە ڕابگیرێت و كۆتایی بە ڕێكەوتنی خیانەت بهێنرێت، ئەویش بە وەڵامدانەوەی داخوازییەكانی خەڵكی شەنگال و پشتگیریكردن و بەهێزكردنیان دەبێت بۆ بەرگری لە شارەكەیان بەتایبەت حەشدی شەعبی كۆمەڵگای ئێزدی و حكومەت بۆ چاكردنەوەی ژێرخانی ئابوری و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری.

جەختی لەوەش كردەوە، پێویستە حكومەت خەڵكەكەیان بگەڕێنێتەوە بۆ زێدی خۆیان و ڕزگاریان بكات لەو مامەڵە سیاسییەی كە هەندێك لایەن دەیانەوێت لە شارەكەیان دووریان بخەنەوە بۆ فشارخستنەسەریان، تاكو لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوو دەنگەكانیان بۆ خۆیان مسۆگەر بكەن.

ڕوونیشیكردەوە، پێش ئەوەی دۆخەكە لەدەست دەربچێت، دەبێت حكومەت كارێكی ڕاست ئەنجامبدات، ئەگەرنا هەر پێكدادانێكی سەربازی ڕوبدات، خوانەخواستە، ئەوە لە بەرژەوەندی خەڵكی شەنگال و حكومەتی فیدڕاڵی نابێت، بەڵكو لە بەرژەوەندی ئەو كەسانەدایە كە دەیانەوێت كۆنتڕۆڵی شەنگال بكەن لەبەرژەوەندی رەجەب تەیب ئەردۆگانی سەرۆكی توركیا.