سەردێر

 خەڵك، هۆکاری گرانی نرخی مریشك ئاشکرادەکات 

سلێمانی ـ نزار جەزا

ماوەی دە ڕۆژە نرخی مریشک بەرزبونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و (خەڵک) بەدواداچوون بۆ هۆکارەکەی دەکات.

لەگفتوگۆیەکماندا لەگەڵ یەکێک لەمریشک فرۆشەکان دەرکەوت، نرخی مریشکی ناسک بەرزبۆتەوە بۆ سێ هەزار و 650 دینار.

ئەو مریشک فرۆشە وتی: نزیکی دە ڕۆژە وردە وردە نرخی مریشک لە دوو هەزار و 300 دینارەوە بەرزبووەتەوە بۆ ئەم نرخەی ئێستا و گڕئەکاتەوە.

ئەوەشی باسکرد، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کەمی مریشک لەناوخۆ و ناردنەدەرەوەی مریشکی ناسک بۆ خوارووی عیراق.

ۆ زانیاری زیاتر پەیوەندیمان بە نازم عەبدوڵا خاوەن پڕۆژەی کێڵگەی پەلەوەری کرد و زیاتر هۆکاری گرانبوونی نرخی مریشکی بۆ ڕوونکردینەوە و ئاماژەی بەئەوەدا، بەهای دینار لەبەرامبەر دۆلار دابەزیوە، هەموو پێداویستییەکانیش بەدۆلار دەکڕن و نرخیشیان گران بووە، لەکاتێکدا بەدینار مریشک دەخەنە بازاڕەوە.

زیاتر ڕوونیکردوە، ئەو گۆڕانکارییانە وایکرد زیاتر لە 15 ملیار دینار زیان بەر خاوەن پڕۆژەکان بکەوێت، بۆیە دواتر خاوەن پڕۆژەکان لەزیانێکی لەوجۆرە ترسان و لەسەدا 60بۆ 70ی خاوەن پڕۆژەکان جوجکیان نەکردەوە ناو کێڵگەکانیانەوە، بۆیە ئێستا ڕێژەی مریشک کەمە.

ئەوەشی خستەڕوو، سێ مانگ پێش ئێستا نرخی جوجکێک 35 سەنت بوو، بەڵام ئێستا بە 80 سەنتە و دەستیشناکەوێت، چونکە ئەوانەی جوجکیش بەرهەدێنن، بەهەمانشێوە لەترسی زیان بەرهەمیان کەمکردەوە.

ئاماژەی بەئەوەشدا، نرخی تۆنێک عەلەف پێشتر بە 430 بۆ 440 دۆلار بوو، ئێستا بەرزبۆتەوە بۆ 480 تا 490 دۆلار، هەروەها ڤیتامینات و غاز و گاز و پێداویستییەکانی دیکەش گرانبوون.

هەر بەپێی بەدواداچوونەکان، تێچووی هەر مریشکێک لەکێڵگە پەلەوەرییەکان دوو هەزار و 250دینارە، لەکێڵگەپەلەوەرییەکانیش شەوی ڕابردوو بە 3 هەزار و 250 دینار بە مریشک فرۆشەکان فرۆشراوە.

خاوەن کێلگە پەلەوەرییەکان داواکارن حکومەتی هەرێم نرخی مریشک دیاریبکات، بۆئەوەی هەم خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان زەرەرنەکەن، هەم نرخی مریشکیش لەسەر هاوڵاتی گراننەبێت.

بەهۆی بێپلانی حکومەتی هەرێمەوە بەردەوام نرخی مریشک بەرز و نزم دەکات، ساڵانە خاوەن کێڵگەکان باس لەئیفلاسبوون و زەرەرمەندبوونی خۆیان دەکەن، هاوڵاتییانیش دەنگی ناڕەزایەتی لای مریشکفرۆشەکان لەبەرامبەر گرانی نرخ بەرزدەکەنەوە.