سەردێر

“پایتەختی ڕۆشنبیری جوانییەكانی نمایشدەكات”

 

سلێمانی ـ نزار جەزا

لەئەمڕۆ پێنج شەممەوە زنجیرە چالاكییەكانی هەفتەی ڕۆشنبیری سلێمانی بەدروشمی “پایتەختی ڕۆشنبیری جوانییەكانی نمایشدەكات” بەڕێوەدەچێت.

تاكو كۆتایی مانگی ئادار زنجیرەیەك چالاكی كلتووری و كۆمەڵایەتی لەچوارچێوەی هەفتەی ڕۆشنبیری سلێمانی بەڕێوەدەچێت.

لەم هەفتەیەدا كۆڕی شعری و نمایشی شانۆ و پێشانگای كتێب و پێشكەشكردنی لێكۆڵینەوە و ژمارەیەك چالاكی دیكە ئەنجامدەدرێن، كە بودجەی گشتی تەرخانكراو بۆ هەفتە ڕۆشنبیری سلێمانی كەمتر لە 30 ملیۆن دینارە.

محەمەد كوردۆ، بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی بەوەكالەت بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، هەفتەیەكی ڕووناكبیری و كۆمەڵایەتی بەڕێوەدەبەن، كە ساڵی پاریش دووجار پلانی بۆ دانرا، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە بەشێك لەچالاكییەكان دواخرا.

ئاماژەی بەئەوەشدا، ئەمڕۆ پێشانگای كتێب كرایەوە وكۆڕی ئەدەبی و فكری و پێشكەشكردنی شانۆگەری و پێشانگایەكیش كراوەتەوە ئەم چالاكییانە تاكو هەفتەیەك درێژەی دەبێت.

باسی لەئەوەشكرد، كلتور گرنگترین بەشی ژیانی هەر كۆمەڵگەیەكە، لەهەر كۆمەڵگەیەكدا گرنگی بەكلتور نەدرێت، ئەو كۆمەڵگەیە ناتوانێت خۆی بەتەندروست ناوبنێت.

وتیشی: سلێمانی لەسەرەتای دروستبوونیەوە هەمیشە شاری جموجوڵی كلتوری و ئەدەبی و ڕووناكبیری بووە، بۆیە ئەم چالاكییانە ئەركە كە ئەنجامبدرێن، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا خاوبوونەوەی پێوەدیاربوو.

ئەوەشی خستەڕوو، سلێمانی بەدەر لەوەی پایتەختی ڕۆشنبیرییە، شاری داهێنەری ئەدەبیشە، كە لەلایەن یونسكۆوە پێی بەخشراوە، بەڵام بەداخەوە ئەوەی پێویست بوو لەم شارەدا بكرایە، بۆینەكراوە و هۆكارەكەی زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ شەڕی داعش و قەیرانی دارایی و بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا، ئەگەرنا پێش ئەم ڕووداوانە بەردەوام چالاكی تێدا ئەنجامدراوە.

دەشڵێت، شاری سلێمانی كە بەپایتەختی ڕۆشنبیری و شاری داهێنەری ئەدەبی ناسراوە، پێویستە بەردەوام لەم جۆرە چالاكییانەی تێدا ئەنجامبدرێت، بۆئەوەی شایەن بە ئەو نازناوانە بێت، كە پێی بەخشراوە.

No description available.

No description available.

No description available.

No description available.