سەردێر

ئاری جەلال: لە ساڵێكدا 34 هەزار كەس كۆچیان كردووە

لەساڵی ڕابردوودا لەڕێگای کۆچ ٣٤ هاوڵاتی بوونە قوربانی

خەڵک – نزار جەزا
سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران ئاشکرایدەکات، حکومەتی هەرێم هیچ هاندانێکی بۆ گەڕانەوەی پەنابەران لەوڵاتانی دەرەوە بۆ هەرێم نییە، چونکە ناتوانێت قەرەبوویان بکاتەوە و ژیانێکی شایستەیان بۆ دابینبکات، و ئاشکرایدەکات لەماوەی ساڵی ٢٠٢٠دا زیاتر لە ٣٤ هەزار کەس لەعیراق و هەرێمەوە کۆچیان بۆ ئەوروپا کردووە و زیاتر لە ٣٥ کەس بوونەتە قوربانی.

ئاری جەلال لەم چاوپێکەوتنەیدا لەگەڵ (خەڵک) ڕایدەگەیەنێت، تاکو ئێستا فایلی ١٧٣ کەسیان لایە کە لەڕێگای کۆچی ئەوروپادا گیانیان لەدەستداوە و تاکو ئێستا تەرمەکانیان نەدۆزراوەتەوە، ڕێژەی کۆچ و ڕووداوە تراژیدی و دڵهەژێنەکانیش بەردەوامییان دەبێت ئەگەر حکومەتی هەرێم پلانێکی نەبێت بۆ باشکردنی گوزەرانی هاوڵاتییان.

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

خەڵک: ڕێژەی کۆچی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتانی دەرەوە لەئەم چەند مانگەی ساڵی ٢٠٢١دا چۆنە؟
ئاری جەلال: لەئەمساڵدا ئاماری تەواومان بەدەست نەگەیشتووە، چونکە ئەم پڕۆسەیە کاتێکی زۆری پێویستە و لەمانگی شەش و حەوتی ئەمساڵدا ڕووندەبێتەوە ڕێژەی کۆچ چەند بووە، بەڵام ڕێژەیەک لە هاوڵاتییانی هەرێم و عیراق چوونەتە تورکیا و لەوێشەوە کەناراوەکانی تورکیا بۆ یۆنان یان توركیا بۆ ئیتاڵیا یان بەڕێگەی وشکانیدا ڕۆشتوون.

لەساڵی کۆرۆناکەدا لەڕێگای کۆچدا ٣٥ کەس بوونە قوربانی کە تەرمی ١٧ کەسیان بێسەروشوێنن

خەڵک: سەبارەت بەساڵی ڕابردوو ڕێژەی کۆچ و قوربانییەکان چۆن بووە؟
ئاری جەلال: لەگەڵ ئەوەی گەشتە ئاسمانی و زەمینییەکان بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕاگیرابوون، زیاتر لە ٣٤ هەزار هاوڵاتی لەعیراق و هەرێمی کوردستان ڕوویان لەدەرەوەی وڵات کردووە، کە بەداخەوە لەو ڕێژەیە، ١٨ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٧ کەسیش بێسەروشوێنبوون.

خەڵک: تەرمی قوربانییەکان گەڕێندراونەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان یان عیراق؟
ئاری جەلال: هەموو ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە و تەرمەکانیان دۆزراوەتەوە و لەدەزگای لوتکە تۆمارکراون گەڕێندراونەتەوە خاکی خۆیان.لەساڵی ٢٠١٥ تاکو ئێستا زیاتر لە ٤٢٥ قوربانی ڕێگای کۆچ هەبووە، کە لەو رێژەیەزیاتر لە ١٧٣ کەسیان بێسەروشوێن بوون و زیاتر لە ٢٥١ کەسیان تەرمەکانیان دیاربووە و گەڕێندراونەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان و عیراق، بۆئەوەی تەرمەکان ڕادەستی کەسوکاریان بکرێتەوە و لەخاکی خۆیاندا بەخاک بسپێردرێن.

ئەگەر گوزەرانی هاوڵاتییان باشنەکرێت، ڕووداوە دڵهەژێنەکانی ڕێگای کۆچ بەردەوامدەبن

خەڵک: چاوەڕێدەکەن ڕێژەی کۆچی هاوڵاتییان بۆ دەرەوەی وڵات لەئەمساڵدا زیاتربێت یان کەمبێتەوە، لەکاتێکدا قەیرانی دارایی کەمکەم خەریکە چارەسەر دەبیت و شەڕی داعشیش نەماوە؟
ئاری جەلال: ئەگەر ڕەوش و گوزەرانی خەڵک بەرەو باشتر بڕوات و خزمەتگوزارییەکانیان بۆ دابینبکرێت و موچە لەکاتی خۆیدا دابەشبکرێت و هەلی کار بۆ گەنجان بڕەخسێت، بێگومان ئەمە کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی ڕێژەی کۆچدەبێت، بەڵام ئەگەر دۆخەکە وەک پێشتربێت و موچە لەکاتی خۆیدا دابەشنەکرێت و هەلی کار کەمبێت و تەنگەژە سیاسییەکان بەردەوامییان هەبێت، کە ئەمەیان کاریگەری زۆری هەیە، بێگومان ڕێژەی کۆچ زیاتر دەبێت، ئەم کۆچەش بەدەرنابێت لەقوربانی و ڕووداوە تراژیدیا ودڵهەژێنەکان.

خەڵک: بەشێک لەو کەسانەی کۆچیان کردووە ماوەیەکی زۆرە لەکەمپەکاندا دەژین و ئیقامەیان وەرنەگرتووە و لەدۆخێکی خراپی دەروونیدا دەژین، کە نازانن چی بکەن، لەهەرێمی کوردستانەوە هیچ هەوڵێک یان هاندانێک هەیە بۆئەوەی ئەو گەنجانە بۆ هەرێم بگەڕێنەوە؟
ئاری جەلال: هاندانی گەنجان بۆ ئەوەی بۆ هەرێم بگەڕێنەوە کاتێک دەکرێت، کە لەهەرێمی کوردستان ژیانیان بۆ دەستەبەربکرێت و ئەوەی لەڕێگەی کۆچ لەدەستیانداوە بۆیان قەرەبووبکرێتەوە، کە لەوانەیە هەر کەسێک زیاتر لە ١٠ بۆ ١٢ هەزار دۆلاری لەدەستدابێت، لەهەرێم هەلی کار و شوێنی نیشتەجێبوونیان بۆ دابینبکرێت.

خەڵک: ئایا حکومەتی هەرێم ئەمەی پێدەکرێت؟

ئاری جەلال: بێگومان هیچ لەئەمانەی پێیناکرێت! بۆنمونە خێزان هەیە کە ڕۆشتووە ١٠٠ بۆ ١٢٠ هەزار دۆلاری خەرجکردووە، ئەم خێزانە بەمایەپوچبوونەوە بگەڕێتەوە هەرێم چی بکات؟! تەنانەت ١٠ بۆ ١٢ کەس لەوانەی بەزۆرەملێ گەڕێندرانەوە بۆ هەرێم و عیراق خۆیان کوشتووە و هەندێکیشیان تووشی نەخۆشی دەروونی بوون، بۆیە لەئەم دۆخەدا لەگەڵ ئەوەی دۆخی پەنابەران سەخت و دژوارە، زۆر بەدەگمەن پەنابەرێک ئامادەیە بۆ هەرێم بگەڕێتەوە.

حکومەت ناتوانێت هانی گەنجابن بدات، بۆئەوەی بگەڕێنەوە

خەڵک: ئەو ١٠ بۆ ١٢ کەسە کەی خۆیان کوشتووە؟
ئاری جەلال: لەساڵی ٢٠٠٥ تاکو ٢٠١٢ ناردنەوەی پەنابەران بەشێوەی زۆرەملێ لەوڵاتانی ئەوروپاوە بۆ عیراق بەردەوامی هەبووە، بەڵام چەندان هەوڵماندا لەسەر ئاستی پەرلەمانی عیراق و پەرلەمانی هەرێم و پەرلەمانی وڵاتان و حکومەتی عیراق ناڕەزایەتیمان بەرزکردەوە، نزیکی هەشت هەزار کەس بەزۆرەملێ گەڕێندراونەتەوە عیراق، لەناو ئەمانەشدا کەسی تیابووە زیاتر لە١٠ ساڵ یان زیاتر لە ٢٠ ساڵ لەوڵاتێکی ئەوروپا نیشتەجێبووە، یان هەبووە خێزانی پێکهێناوە و منداڵی گەورەی هەبووە، یان هەبوو لەعیراق کەسوکاری نەمابوو، بۆیە هەندێک لەم کەسانە خۆیان کوشت یان تووشی نەخۆشی دەروونی بوون، یان لەم چەند ساڵەی پێشوودا لەماوەی شەو و ڕۆژێکدا پەنابەرێک کە بەزۆر گەڕێندرابووەوە عیراق لەبەغداد کوژرا. لەهەرێمی کوردستانیش چوار بۆ پێنج کەس هەبوون دوای ٢٤ کاتژمێر لەگەڕانەوەیان خۆیان کوشت، کە دەکرێت حالەتی دیکەش هەبووبێت، بەڵام تۆمارنەکرابێت.

خەڵک: ئەم کەیسانە تاکو چەند کاریگەرییان هەبووە لەوەی گێڕانەوەی زۆرەملێ ڕابگیرێت؟
ئاری جەلال: نە حکومەتی هەرێم و نە حکومەتی عیراق بەفەرمی لەسەر ئەم ڕووداوانە نەهاتنە سەر هێڵ، بەڵام ئەو کاتەی کە مام جەلال سەرۆک کۆماربوو، بڕیاریدا ئەو فڕۆکەیەی بەزۆرە ملێ پەنابەر دەگەڕێننەوە لەفڕۆکەخانەکانی عیراق نەنیشنەوە، دوای ئەمەش وردە وردە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی دەرەوە ڕێگە بەو جۆرە فڕۆکانە نەدرا، کە پەنابەریان پێیە و بەڵگەنامەی عیراقییان وەک پێویست پێنییە.

خەڵک: لەم چەند ساڵەدا ڕێژەیەکی زۆر لەخەڵک بەگشتی لەهەرێمی کوردستان و عیراقەوە بەرەو وڵاتانی ئەوروپا ڕۆشتن و ڕێژەکەش بەردەوام ڕوو لەزیادبوونە، ئایا هیچ هەوڵێک هەیە بەزۆرەملێ ئەو پەنابەرانە بگەڕێنرێنرێنەوە بۆ خاکی خۆیان؟
ئاری جەلال: ئەم جۆرە ڕێکەوتنانە بەردەوام لەنێوان حکومەتی عیراق و وڵاتانی ئەوروپا کراوە، کە ئەو کەسانەی داوای مافی پەنابەرییان ڕەتکراوەتەوە بەدوور لەخواستی خۆیان بگەڕێندرێنەوە بۆ عیراق و هەرێمی کوردستان، ئەمەش لەبەرامبەر ئەو هاوکارییانەیە کە وڵاتانی ئەوروپا پێشکەشی عیراقی دەکەن بۆ بووژاندنەوەی عیراق، ئەمەش نایاساییە، چونکە دوورە لەخواستی پەنابەران خۆیان.



هەلبژاردە

گرنگترینەکان