سەردێر

پارەی گەنمی جوتیاران خەرجدەكرێت

خەڵك

دواجار لە سەر بڕیاری مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیار درا نیوەی پارەی گەنمی جوتیاران بۆ ساڵەكانی 2014 و 2015 و 2016ی هەرێمی كوردستان خەرج بكرێت كە ماوەی نزیكەی 8 ساڵە خەرج نەكراوە.

كازمی سەرۆك وەزیران لە سەردانەكەیدا بۆ هەرێمی كوردستان لە پایزی سلێمانی لەگەڵ نوێنەری جوتیاراندا كۆبووەوە، لەوێ بەڵێنی پێدان كێشەكەیان بۆ چارەسەر بكات.

بەپێی زانیارییەكان كازمی بەدواداچوونی بۆ كێشەی گەنمی جوتیاران كردووە، فەرمانیكردووە بە خەرجكردنی نیوەی پارەكە بەهۆی زۆری بڕەكەیەوە.

لە ماوەی 8 ساڵی رابردوو نوری مالكی و حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشوو ئامادە نەبوون شایستەی دارایی جوتیارانی هەرێم خەرج بكەن.

ئێستا نیوەی پارەی سێ ساڵی گەنمی جووتیارانی هەولێر و سلێمانی خەرج دەكرێت كە بڕەكەی زیاتر لە 183 ملیار دینارە.

كامەران وریا، بەڕێوەبەری سایلۆی سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، نیوەی پارەی سێ ساڵی گەنمی جووتیارانی هەولێر و سلێمانی جوتیاران دوای نەورۆز دابەشدەكرێت.

وتیشی، ئەو پارەیە بۆ ساڵەكانی 2014، 2015، 2016 یە كە پێشتر حكومەتی عێراق بڕیاری ڕاگرتنی دابوو، دواتر بڕیاریدا بە خەرجكردنی نیوەی پارەكە كە 183 ملیار دینارە.

دەشڵێت، چەكی پارەكە گەیشتووەو ناردنی پارەكەی ماوە لە بەغداوەو ئەویش لە هەفتەی داهاتوو دەگات و بەسەر جوتیاراندا دابەشدەكرێت.

هاوكات لە لایەكی دیكەوە، نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێم بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، تەواوی ڕێكارە ‌ئیداریەكانی دابەشكردنی پارەی گەنمی جووتیارانی هەولێر و سلێمانی بۆ ساڵەكانی ٢٠١٤،٢٠١٥،٢٠١٦ تەواو بوون، بەڵام پڕۆسەی دابەشكردنەكەی ڕەنگە بكەوێتە دوای دابەشكردنی مووچە چونكە لەئێستادا بانكەكان سەرقاڵی دابەشكردنی مووچەن.

دەشڵێت، جگە لەسەرقاڵی بانكەكان هیچ گرفتێك نیە لەدابەشكردنی پارەكە و بڕەكەشی زیاتر لە 183 ملیار دینارە، بەر لە نەورۆزیش لەدهۆك ماوەی دوو ڕۆژ دابەشكراوە، میكانزمی دابەشكردنەكەش بەر لەدابەشكردنی پارەكە بۆ جووتیاران ڕادەگەیەنین.

جوتیارانی هەرێمی كوردستان خاوەن بەرهەمێكی زۆری دانەوێڵەن ساڵانە، حكومەتی هەرێمی كوردستان نە ئامادەیە لێیان بكڕێتەوە نە ئامادەشە هاوكارییان بكات رەوانەی دەرەوە بكرێت، بۆیە حكومەتی عێراق لێیان دەكڕێتەوە ئەویش پارەكەیان ناداتێ.

جوتیاران بە ناچاری و بە نرخی كەم گەنم و بەرهەكەكانی دیكەیان لە بازاڕی ڕەشدا ساغ دەكەنەوە.