سەردێر

ژمارەیەكی دیكەی ڤاكسین دەگاتە هەرێم

 

خەڵك-ئارام سەردار

سەرۆكی لیژنەی زانستی دابینكردنی ڤاكسین ڕایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ ٤٣ هەزار ژەم ڤاكسین دەگاتە هەرێمی كوردستان.

د.ئارام ڕۆستەم، سەرۆكی لیژنەی زانستی دابینكردنی ڤاكسین لەوەزارەتی تەندروستی بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ پشكی هەرێم لەڤاكسینی دژی كۆڕۆنا لەبەغدادەوە بگاتە هەرێم، ئەمەش دەبێتە یەكەم قۆناغی پشكی هەرێم لەو ڤاكسینەی عیراق دابینی كردووە.

دەشڵیت، ڤاكسینەكە هی كۆمپانیای ئەسترازینكایە و پشكی هەرێمیش نزیكەی ٤٣ هەزار ژەم ڤاكسین دەبێت، هەر لەبەغدادەوەش بەپێی ژمارەی دانیشتوانی شارەكان دابەشكراوە، بەپێی ئەولەویەتی چین و توێژەكان ڤاكسینەكە بەكار دەهێنرێت، هەر ئەمڕۆش لەسەر ئەو بابەتە كۆبوونەوەیەك ئەنجام دەدرێت.

پێشتر بۆیەكەم جار بڕی ٥ هەزار ژەم ڤاكسین لەلایەن كۆماری چین ڕەوانەی هەرێم كرا كە بۆ كارمەندان و پزیشكانی سەنتەرەكانی كۆڕۆنا بەكارهات.