سەردێر

“پەروەردە بێ‌ ئاگاداری پەرلەمان دەرگای خوێندنگەكان دادەخات”

خەڵك-
بڕیاری درێژكردنەوەی ماوەی داخستنی دەرگای خوێندنگەكان دەبێتە هۆی دروست كردنی ناكۆكی لەنێوان وەزارەتی پەروەردە و لیژنەی پەروەردەی پەڕلەمانی كوردستان و پەڕلەمانتارێكی لیژنەكەش دەڵێت: “ئێمە ئاگاداری داخستنی دەرگای ناوەندەكانی خوێندن نین” چونكە پەڕلەمانتاران پێیان وایە لەژێر بیانووی هیچ دۆخێكدا نابێت دەرگای خوێندنگەكان دابخرێت، چونكە سێكتەرەكانی دیكە هەمووی كراوەن و قەرەباڵغی لە هەموو شوێنەكان هەیە.

وەك سەرۆكی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵای پەڕلەمانی كوردستان ئاشكرای كردووە، بەبڕیاری وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، تەنها پڕۆسەی خوێندن بۆ خوێندكارانی 12ی ئامادەیی دەستپێدەكاتەوە، بەڵام بەهۆی هەڵكشانی ژمارەی تووشبووان بە كۆرۆنا جارێ‌ پڕۆسەی خوێندن بۆ قۆناغەكانی دیكە دەستپێناكانەوە.

ئەمڕۆ چوار شەممە، عەبدولسەلام دۆلەمەڕی، سەرۆكی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵای پەڕلەمانی كوردستان لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانییدا ڕایگەیاند، دەرگای قوتابخانەكان تەنها بۆ پۆلی 12ی ئامادەیی كراوە دەبن و پۆلەكانی دیكە دەوام ناكەن و دەرگای خوێندنگەكان بە داخراوی دەمێننەوە.

وتیشی، “كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا لە داهاتوو بڕیار دەدات، ئەگەر هەر گۆڕانكارییەك ئەنجام بدرێت، چونكە بەگوێرەی ڕاپۆرتەكانی وەزارەتی تەندروستی، حاڵەتەكانی كۆرۆنا لە زیادبووندان و بۆ هەر بڕیارێكی داهاتوو، ڕەوشی كۆرۆنا بە هەند وەردەگیرێت.

هاوكات، هەڵز ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی پەروەردە لە پەڕلەمانی كوردستان بۆ میدیای فەرمی حزبەكەی دەڵێت: “ئێمە ئاگاداری بڕیاری داخستنی دەرگای قوتابخانەكان نین”.

لای خۆشیەوە، ڕاهی ڕەهبەر، ئەندامی لیژنەی پەروەردەی پەڕلەمان لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك وەك دژایەتییەك بۆ بڕیاری داخستنی ناوەندەكانی خوێندن دەڵێت: “وەک ئەندامی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا ئاگاداری بڕیاری فەرمی داخستنی قوتابخانەکان نین”.

ڕاشیگەیاندووە، کاری لایەنی جێبەجێکارە ئەو بابەتە ڕابگەیەنێت و ئێمەش چاودێری و بەدواداچون بۆ ڕاستی و دروستی بڕیارەکە بکەین.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە پێشتریش، موسلم عەبدڵڵا، جێگری لیژنەی پەروەردەی پەڕلەمانی كوردستان بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، دەمانەوێت پڕۆسەی خوێندن بەردەوام بێت، ڕاستە ئامارەكانی توشبوون بە كۆرۆنا لەهەرێم ڕوو لە هەڵكشانە، بەڵام ئەمە هەمووی لەسەر ناوەندەكانی خوێندن هەژمار ناكرێت، ئەمەش ناكاتە ئەوەی پڕۆسەیەكی وەها گەورە ڕابگیرێت.

ڕاشیگەیاند، هەمیشە جەخت لەسەر ڕێكارەكانی خۆپارێزی دەكەینەوە لەهەموو شوێنێك بەتایبەت لە ناوەندەكانی خوێندن، بۆیە ناكرێت چارەنووسی نزیكەی ملیۆنێك و 700 هەزار خوێندنكار و 200 هەزار مامۆستا لەبەرچاو نەگیرێت، لەكاتێكدا داتامان لایە لەخوێندنگەیەك، كە زۆرترین كۆرۆنای تێدا تۆماركراوە 16 قوتابی و 2 مامۆستا بووە.