سەردێر

بەفر چەند ناوچەیەكی هەرێم دەگرێتەوە

خەڵك-
بەپێی پێشبینییە كەشناسییەكان، سبەینێ‌ پلەكانی گەرما ڕوو لە نزمبوونەوە دەكەن و كاریگەری خۆڵبارین لەكاتەكانی شەودا نامێنێت و بەفر لە ناوچە شاخاوییەكانی بناری قەندیل و سێ‌ گۆشەی سنوری لەگەڵ ڕۆژهەڵات و باكووری كوردستان دەبارێت.

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، لە ئەنجامی بەردەوامی کاریگەری لاوازی نزمەپاڵەپەستۆ لە سەرناوچەکانمان سبەی بە گشتی کەشی ھەرێم سەقامگیر ئەبێت و پلەکانی گەرما لە ئەنجامی کاریگەری بارستە ھەوایەکی سارد بە تێکرای ٤ بۆ ٥ پلەی سلیزی نزم دەبنەوە.

ڕاشیگگەیاند، تەنھا لەناوچە شاخاوییەکانی سنوری پارێزگای ھەولێر و دھۆک و راپەرین بەتایبەت ناوچەی سنوری ئەگەری برێکی کەم بارانبارین ئەبێت بەرێژەی ١ بۆ ٢ میلیمەتر و بارینی بەفرێکی کەم لەناوچە شاخاوییە بەرزەکاندا.

وتیشی، “خێرایی با ھەندێک کات چالاکی ئەبێت لە ئاڕاستەی باشوری ڕۆژئاواوە بەخێرایی ١٥ بۆ ٢٥کم لە كاتژمێرێكدا و كاریگەری ئەو تۆز و خۆڵەی لە ئاسمانی بەشێکی ناوچەکان ھەیە سبەی بە گشتی کەم دەبێتەوە و لە کاتی شەودا نامێنێت و ئاسمان ڕوون ئەبێتەوە”.