سەردێر

خوێندكارێك بە ماتۆڕسكیلەوە وەرگەڕا و گیانی لەدەستدا

خەڵك-
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین ئاشكرای دەكات، كە تەرمی گەنجێك گەیەنراوەتە نەخۆشخانە، كە بەهۆی وەرگەڕانی لە ماتۆڕسكیل گیانی لەدەستداوە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، کاتژمێر ٦ی ئێوارەی ئەمڕۆ تەرمی گەنجێک بەناوی (ی،س،م) لەدایک بووی ٢٠٠٢ ڕەگەزی نێر و پیشەی خوێندکاری دانیشتوی ڕانیە گەیەنرایە نەخۆشخانەی گشتی ڕانیە.

ڕاشیگەیاندووە، دوای پشتڕاستکردنی مردنەکەی لەلایەن پزیشکەوە و دواتر تەرمەکەی گواسترایەوە بۆ پزیشکی دادوەری و دوای ئەنجامدانی پشکنین بۆ تەرمەکەی ڕادەستی کەسوکاری کرایەوە.

ئاشكراشی كردووە، بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس، گەنجەکە لەسەر شەقامی سەرەکی نێوان ڕانیە – دەربەند بە هۆی وەرگەڕانی ماتۆڕسکیلەکەی لەجۆری دوو تایە گیانی لەدەستداوە.

جەختیشی كردۆتەوە، لەلایەن بنکەی پۆلیسی نەخۆشخانەی ڕانیە، مەلەفی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کرایەوە و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بەردەوامە.