سەردێر

تەندروستی هۆشداری شەپۆلی دووەمی كۆرۆنا دەدات

خەڵك-
وەزارەتی تەندروستی عیراق هۆكاری سووك كردنی بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆ و كردنەوەی بەشێكی شوێنە گشتییەكان ئاشكرادەكات و دەشڵێت: “نیوەی ئەوانەی بە كۆرۆنا دەمرن بەهۆی درەنگ هاتنیانە بۆ نەخۆشخانە”.

وەزارەتی تەندروستی عیراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بڕیاری سووك كردنی قەدەغەی هاتووچۆ و كردنەوەی بەشێك لە چێشتخانە و كافتریا و شوێنەكانی دیكە پەیوەندی نییە بە دۆخی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، بەڵكو بڕیارەكە لەبەر دۆخی مرۆیی و ئابووری و سووك كردنی گوزەرانی هاووڵاتیان دراوە.

ڕاشیگەیاندووە، لەگەڵ سووك كردنی قەدەغەی هاتووچۆ دەبێت ڕێكارە خۆپارێزییەكان بەشێوەیەكی توندتر پەیڕەو بكرێن تاوەكو دۆخەكە لە كۆنتڕۆڵ دەرنەچێت.

تەندروستی هۆشداری لە دۆخی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا لەناو هاووڵاتیان داوە و دەڵێت: “ڕۆژانە هەڵكشانی ژمارەی تووشبووان و مردن بە پەتاكە جێگەی مەترسییە بەتایبەتی، كە ماوەیەكە ژمارەی تووشبووان لە 5 هەزار كەس و بەرزتردایە و ئەوەش بەرزترین ئاستە بە بەراورد بە سەرەتای سەهەڵدانی پەتاكە لە عیراق”.

دەشڵێت: “وەك پێشتریش هۆشداریمان داوە مەترسی شەپۆلی دووەمی كۆرۆنا زیاترە و لە شەپۆلی یەكەم زۆر بەهێزترە”.

ئاماژەی بەوەشكردووە، هۆكاری زۆربەی مردووان بە كۆرۆنا لە پارێزگاكان پەیوەندی بە درەنگ هێنانی نەخۆشەكانە بۆ نەخۆشخانەكان، بەجۆرێك تاوەكو دۆخی تەندروستی تووشبووەكان تێكنەچێت ناگەیەنرێنە نەخۆشخانەكان و بەوەش ڕێژەی 50%ی ئەوانەی بە كۆرۆنا مردوون لەماوەی 48 كاتژمێردا بووە دوای داخڵ كردنیان لە نەخۆشخانە.