سەردێر

دانپێدانێكی گرنگی داعشێك ئاشكرا دەكرێت

خەڵك-
وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدرەكانی عیراق، چەند زانیارییەكی گرنگ ئاشكرا دەكات كە داعشێكی دەستگیركراو لەلایەن هێزەكانی دژە تیرۆرەوە، باسی كردوون.

بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن لیوای یەحیا ڕەسوڵ وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراقەوە بڵاوكرایەوە”حەسان عەبدوڵڵا هیلال تیرۆرستی داعشی كە خۆی ڕادەستی دەزگای دژە تیرۆر كرد، دانی بەوەدا ناوە كە دەزگای دژە تیرۆر فورسەتی لە گروپە تیرۆریستەكەی هێناوە لەكاتی دەرچوونی خولی بەناو بەشائیر”.

وەك لە بەیاننامەكەدا هاتووە”ئەو تیرۆریستە تەئكیدی لەسەر كوژرانی ئەمیر تاهیر (ئەبو جڕناس) ئەمیری چیاكانی مەخمور و ئەبو سابت بەرپرسی ئەمنی و خالید قوڕەیشی بەرپرسی بەناو كەتیبەی فەتح و ئەبو غەیس ئەمیری مەفرەزەی قەناسبەدەستەكان و ژمارەیەكی زۆر لە چەكدارانی ڕێكخراوەكە لەنێو حەشارگەكەیاندا كردۆتەوە”.

پێشتر لیوا یەحیا ڕەسوڵ وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق ڕایگەیاندبوو، لە دوو هەفتەی ڕابردوودا 312 جار فڕۆكە جەنگییەكانی عیراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، زنجیرە چیای قەرەچوغ و مەخموریان لە باشووری خۆرهەڵاتی پارێزگای نەینەوا و ناوچەكانی سنوری پارێزگای هەولێر بۆردومان كردووە و لەو ڕێگەیەوە 27 چەكداری داعش كوژراون.