سەردێر

“دابەزینی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار كاتییە”

خەڵك-ئارام سەردار
ئابووریناسێك پێی وایە بەرزبوونەوەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار كاتیە و بانكی ناوەندی بڕیاری خۆی ناگۆڕێت.

نەوزاد هەمەوەندی، مامۆستای زانكۆ لەمێریاری دارایی بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، بەرزبوونەوەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار كاتیە و بانكی ناوەندی بڕیاری خۆی ناگۆڕێت، چونكە ئەگەر بەماوەیەكی كەم بڕیارەكانی خۆی بگۆڕێت ئەوا متمانەی خۆی لەدەست دەدات.

دەشڵێت: “هۆكاری بەرزی و نزمی لەبەهای دینار بەرامبەر دۆلار بەهۆی كاریگەری لێدوانی سیاسی كوتلە پەڕلەمانیەكانە كەوا ڕایانگەیاندوە دەنگ بە بودجە نادەن ئەگەر بەهای دینار وەك پێشتر بەرز نەكرێتەوە، بەڵام ئەمانە كاتین، چونكە بانكی ناوەندی سیاسەتی سەربەخۆی خۆی پەیڕەو دەكات”.

ئەوەشی خستەڕوو، بانكی ناوەندی بەماوەیەكی كەم بڕیاری خۆی ناگۆڕێت، تەنها لەحاڵەتێكدا نەبێت كە ئەگەر خۆپیشاندانی فراوان بكرێت، لەم حاڵەتەشدا بەهای دینار هەرگیز نابێتەوە بە ١٢٠ هەزار، بەڵكو لەنێوان ١٢٥ تا ١٣٠ هەزار دەبێت ئەمەش لەئێستادا مەحاڵە.

ماوەی دوو ڕۆژە بەهۆی لێدوانی بەشێك لە پەڕلەمانتاران بۆ كەمكردنەوەی نرخی دۆلار لە بودجەدا، شڵەژان لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو دروست بووە و شەوی ڕابردوو بەهای 100 دۆلار بۆ 142 هەزار دینار دابەزی، بەڵام ئەمڕۆ جارێكی دیكە بۆ 144 هەزار و 500 دینار بەرزبووەوە.