سەردێر

خەڵك، هۆكاری ڕاستەقینەی پشت تێنەپەڕاندنی بودجە ئاشكرا دەكات

پەیوەندی بە كوردەوە نییە

خەڵك-
ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق، ڕەتیدەكاتەوە ناۆكییەكان لەسەر پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی، پەیوەندی بە پشكی كوردەوە هەبێت و دەڵێت “شەڕی نێوان دوو ئیرادەیە”.

جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق، لە لێدوانێكی تایبەت بە (خەڵك) ڕایگەیاند:”كورد لە هاوكێشەی ناكۆكییەكان تایبەت بە پرۆژە یاسای بودجەدا نییە، چونكە ئەگەر ئەوان مەبەستییان تێپەڕاندنی بودجە بێت، بەبێ‌ كوردیش بە زۆرینە تێدەپەڕێنن، ئەوان كێشەیان لەنێو خۆیاندا هەیە كە لە ململانێی نێوان دوو ئیرادەدا خۆی دەبینێتەوە”.

بە وتەی جەمال كۆچەر:”لایەنێكیان خواستییان لێیە هەڵبژاردن بكرێت و لایەنەكەی تر نایەوێت هەڵبژاردن بكرێت، هەر لەبەر ئەم هۆكارەشە كە پێناچێت بودجە لە ڕۆژی شەممەی داهاتوودا تێبپەڕێنرێت، چونكە ململانێی نێوان ئەم دوو ئیرادەیە تائێستا یەكلایی نەبۆتەوە كە كامیان بەسەر ئەوی تردا زاڵ دەبێت”.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق پێیوایە:”لایەنێكی ململانێكە دەیەوێت ئەم حكومەتەی ئێستا پەكی بكەوێت و نەتوانێت هەڵبژاردن بكات و هاوینی داهاتوو وەرزێكی بێ‌ كارەبا و بێ‌ ئاو بێت، تا حكومەت شەرمەزار بێت و بودجە پەسەند نەكرێت و پارەی لەبەردەستدا نەبێت و دواجار بڕوخێت، ئیرادەكەی تر لەگەڵ ئەوەدایە بودجە پەسەند بكرێت و لە ماوەی دیاریكراودا هەڵبژاردن بكرێت”.

جەمال كۆچەر دەڵێت”ئەو لایەنەی نایەوێت هەڵبژاردن بكرێت و حكومەت سەركەوتوو بێت، یەكێك لەو بیانوانەی بەدەستییەوەیە، وروژاندنی پرسی پشكی هەرێمە لە بودجەدا، پرسی خەرجی دۆلارە، لەگەڵ چەند بابەتێكی تر كە تێكڕایان دەچنە خانەی هەمان شەڕی نێوان ئەو دوو ئیرادەیەی كە لە سەرەتاوە ئاماژەمان پێكرد”.

وابڕیار بوو پرۆژە یاسای بودجەی 2021 لە دانیشتنی ڕۆژی هەینی ڕابردوو كە بۆ ئەو مەبەستە تەرخانكرابوو تێبپەڕێنرێت، بەڵام بۆ ڕۆژی دواتر دواخرا، جارێكی تریش بەهۆی ناكۆكی نێوان هێزە سیاسییەكان، دانیشتنەكە خرایە ڕۆژی شەممەی داهاتوو.